وەزارەتی دارایی هەرێم هەواڵی هەندێك لە میدیاكان رەتدەكاتەوە و دەڵێت، تائێستا هیچ بڕە پارەیەك نەخراوەتەسەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی هەرێم.
دەقی راگەیەندراوەكە:
روونکردنەوەیەک لە راگەیاندنی وەزارەتی دارایی و ئابوری-یەوە:
ئێوارەی ئەمڕۆ لە چەندین میدیا و کەناڵ و پەیجی سۆشیال میدیا هەواڵی ناردنی بودجە و مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان لەلایەن حکومەتی عێراقەوە بڵاوکرایەوە.
بۆ رای گشتی و سەرجەم دەزگاکانی راگەیاندنی رووندەکەینەوە:
1- تا ئەم ساتە هیچ بڕە پارەیەک لەلایەن حکومەتی عێراقەوە نەخراوەتەسەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی هەرێم و لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عێراق.
2- لەلایەن وەزارەتی دارایی عێراق و هیچ دامودەزگایەکی حکومەتی عێراقەوە هیچ شتێکی فەرمیمان بەدەستنەگەیشتووە سەبارەت بە ناردنی بودجە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان.
3- هەر کات هەر بڕە پارەیەک خرایەسەر هەژماری وەزارەتی دارایی بە رەسمی و شەفافانە کات و بڕەکەی رادەگەیەنین هەروەک پێشتر کردومانە.
4- تکاتان لێ دەکەین متمانە بەو کەناڵ و سایت و پەیجانە مەکەن کە رۆژانە نابەرپرسیارانە یاری بەهەست و سۆزی فەرمانبەران و مووچەخۆران دەکەن و هەواڵی ناڕاست و چەواشەکارانە لەسەر دابەشکردنی مووچە بڵاودەکەنەوە.
5- بۆ دەستکەوتنی هەواڵی راست و دروست لەسەر کاتی دابەشکردنی مووچە و هەر بابەتێکی تری فەرمی پشت بە راگەیاندن و کەناڵە فەرمییەکانی حکومەت و وەزارەتی دارایی ببەستن.