لە مانگێكدا 75 پێشێلكاریی مافەكانی مرۆڤ لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان تۆماركراون

لانیكەم 12 بەندكراوی كورد لەسێدارەدراون

لەماوەی مانگی بەفرانباری ڕابردوودا لانیكەم 75 حاڵەتی پێشێلكاریی مافەكانی مرۆڤ لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان تۆماركراون، وەك ئەوەی ڕێكخراوێكی بواری مافەكانی مرۆڤ تۆماریكردووە.

ڕێكخراوی هەنگاو بۆ مافەكانی مرۆڤ بڵاویكردەوە، لەماوەی مانگی بەفرانباری ڕابردوو (21ی كانونی دووەم بۆ 21 كانونی یەكەم) 11 كۆڵبەر و كاسبكار لە سنوورەكانی كوردستان بوونەتە قوربانی، یەكێك لەوانە بەهۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەكدارەكانی ئێران كوژراوە، لە 10 بریندارەكەش حەوتیان بە تەقەی ڕاستەوخۆی ئەو هێزانە بووە، دووانیشیان بەهۆی تەقینەوەی مینەوە بوو.

هەر بەپێی ڕاپۆرتەكە سێ کۆڵبەری خەڵکی ئورمیە نزیکەی 10 ڕۆژە ون بوون و چارەنووسیان نادیارە.

لەماوەی ئەو مانگەدا لانیكەم 12 بەندكراوی كورد لە بەندیخانەکانی ئورمیە، ئیلام و لوڕستان بە تۆمەتی کوشتنی ئەنقەست لەسێدارەدراون، وەك ئەوەی هەنگاو ئاماژەی پێداوە و دەڵێت، لەو ماوەیەدا بەندکراوێکی کورد لە بەندیخانەی ناوەندیی ئەهواز بە هۆکارێکی نادیار و گوماناوی گیانیلەدەستداوە.

ئاشكراشیدەكات، لانیكەم 10 هاوڵاتیی کورد لە شارەکانی (بانە، سەقز، دێهلۆڕان، مێهران و نەوسوود) بەهۆی تەقینەوەی مینەوە بوونەتە قوربانی کە دوو کەسیان گیانیان لەدەستداوە.

هەروەها، کچێکی هەشت ساڵەی خەڵکی ماکۆ بە تەقەی هێزە چەکدارەکانی ئێران کوژراوە و خوشکە 16 ساڵەکەشی بریندارکراوە، وەك ئەوەی لە بەشێكی دیكەی ڕاپۆرتەكەدا هاتووە.

ڕێكخراوی هەنگاو ڕوونیشیدەكاتەوە، لانیکەم 27 هاوڵاتیی کورد کە دوو کەسیان ژن بوون لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانی حکومەتی ئێرانەوە بە تۆمەتی چالاکی سیاسی و مەدەنییەوە دەستبەسەرکراون.

هەروەها، 10 چالاکی کورد بە تۆمەتی چالاکی سیاسی سەرجەم سزای 26 ساڵ و یەک مانگ و دوو ڕۆژ بەندكردنیان بەسەرداسەپاوە.

سەبارەت بە كرێكارانیش دەڵێت، لەو ماوەیەدا لانیکەم دوو کرێکاری خەڵکی شارەکانی ڕەبەت و ئورمیە لەکاتی کارکردن و بەهۆی ڕووداوی کارەوە گیانیان لەدەستداوە.

بابەتی پێشتر

مافی مرۆڤی عێراق لەبارەی ڕێگریكردن لە گەڕانەوەی ئاوارەكان ڕەخنە لە هەرێم ‏دەگرێت

بابەتی دواتر

 لقێکی نوێی ئۆمیکرۆن زانایانی نیگەران کردووە

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

لە زانکۆی سلێمانی خوێندن راگیرا

سەرۆکایەتی زانکۆی سلێمانی رایگەیاند، بڕیاریانداوە بە ڕاگرتنی دەوامی خوێندکاران لە سبەینێ سێشەممەوە تا کاتێکی نادیار. نوسینگەی سەرۆکی زانکۆی…
Total
0
Share