كچێكی 11 ساڵان كە لەلایەن كوڕێكەوە لەژێر هەڕەشەدا لە سلێمانییەوە بۆ دهۆك رفێندرابوو بە هەوڵی بەڕێوەبەرایەتیی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی ئازادكرا.
بەڕێوەبەرایەتیی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژى ئافرەتان و خێزان لە سلێمانى رایگەیاند، یەكێك لە نوسینگەكانی سەر بە بەڕێوەبەرایەتییەكەیان ئاگاداركرایەوە كە كچێكی نەوجەوانی تەمەن 11 ساڵان لەلایەن كوڕێكەوە هەڵخەڵەتێنراوە و بەرەو سنووری هەولێر و دهۆك هەڵهاتوون.
دەشڵێت، لە ماوەیەكی كەمدا بەڕێوەبەری بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی لە دهۆكیان ئاگاداركردەوە و توانرا بە هاوكارییان و بە هەماهەنگی ئاسایشی دهۆك لە ماوەی چەند كاتژمێرێكی كەمدا لە سنووری پارێزگای دهۆك دەستگیربكرێن.
بەڕێوەبەرایەتییەكە ئەوەشی خستەڕوو، پاش مانەوەی كچە نەوجەوانەكە لە خانەی داڵدەدراوی ژنانی هەڕەشەلێكراو بەمەبەستی دڵنیابوون لە سەلامەتیی تەندروستی و، ئاگاداركردنەوەی كەسوكاری كە پێشتریش بەردەوام لە پەیوەندیدا بووین، دواتر باوكی كچەكە بانگكرا و لە رێگەی كەسانی یاسایی و توێژەرانی كۆمەڵایەتی و دەروونییەوە رێنمایی پێدرا و لە سەلامەتیی كچەكەی دڵنیاكرایەوە، كچەكەش باسی لەوە كرد كە تۆمەتبار بە زۆر رفاندوویەتی و هەڕەشەی كوشتنی لە خۆی و باوكی و براكەی كردووە و ناچاریكردووە كە بڕێك پارەش لە ماڵەوە بهێنێت بە نیازی ئەوەی كە دەچنە دەرەوەی هەرێم بۆیە ناچار شوێنی كەوتووە.
كچە نەوجەوانەكە داوای سكاڵای یاسایی كرد لە دژی تۆمەتبار، لەلایەن نوسینگەیەكی سەر بە بەڕێوەبەرایەتی دڵنیاكرایەوە كە بەدواداچوون و چاودێری كێشەكەی دەكرێت پەڕاوی لێکۆڵینەوە بۆ تۆمەتبار کراوەتەوە.