سەرۆكایەتیی شارەوانیی سلێمانی رایدەگەیەنێت، قیرتاوكردنی شەقام و كۆڵانەكانی تووی مەلیك تەواوكران و نۆژەنكردنەوەی شەقامی فولكەی نالی، شەقامی سەركارێز و شەقامەكانی ناوچەی پیشەسازیی یەك قیرتاوكراون كە بڕی قیرتاوكردن بۆ مانگی تەمموزی ئەمساڵ زیاتر بووە بە 50 هەزار مەتر دووجا.
بەپێی راگەیەندراوێكی سەرۆكایەتیی شارەوانیی سلێمانی كە وێنەیەكی دەست تۆڕی میدیایی ئێستا كەوتووە و تێیدا هاتووە، سەر لە بەیانی ئەمڕۆ پێنج شەممە، ستافی قیر و تێكەڵە هەستان بەتەواوكردنی.قیرتاوكردنی بەشێك لە شەقام وكۆڵانەكانی گەڕەكی تووی مەلیك كە چەند ڕۆژێكە لەو ناوچەیە كاری قیرتاوكردن و نۆژەنكردنەوە ئەنجامدەدەن.
لە راگەیەندراوەكەدا هاتووە، هەر لەبەردەوامی هەڵمەتەكانی چاككردنی چاڵ و داچوونی شەقامەكان، تیمی چاككردن هەستان بە چاككردنی شەقامی فولكەی نالی و شەقامی سەركارێز و شەقامەكانی ناوچەی پیشەسازیی یەك و بڕی قیرتاوكردنی شەقام كۆڵانەكان بۆ مانگی تەمموز 50 هەزار مەتر دووجابووە.
سەرۆكایەتیی شارەوانی باسی لەوەش كرد، لە ماوەی رابردوودا زۆرترین پڕۆژەی خزمەتگوزاریی شەقام گەیەندراونەتە گەڕەك و كۆڵانەكانی شاری سلێمانی.