هەرچوار سەرۆکایەتییەکەی عێراق (کۆمار، حکومەت، پەرلەمان و دەسەڵاتی دادوەری) چەند بڕیارێکیان دەرکرد، لەوانەش بەشێکی پەیوەندیداربوو بە یاسای بودجەی هەرێمی کوردستانەوە.
محەمەد حەلبوسی، سەرۆکی پەرلەمان، لە بارەگاکەی خۆی میوانداری کۆبوونەوەیەک کە لە سەرۆکی کۆمار، عەبدول لەتیف جەمال ڕەشید، سەرۆک وەزیران، محەمەد شیع سودانی و سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری، فایق زەیدان پێکهاتبو، کرد.
لە کۆبوونەوەکەدا تاوتوێی پرسی بودجەی فیدراڵی و بودجەی هەرێمی کوردستان کرا، جەخت لە بەکارهێنانی مادەکانی یاسای بودجەی گشتی فیدراڵی بە هەموو وردەکارییەکانییەوە کرایەوە، کە پەیوەندییان بە داهاتی نەوتی و نانەوتی و خەرجکردنی باجەکانەوە هەیە.
هەروەها سەرۆکایەتییەکانی عێراق جەختیان لەسەر پێویستی “شەرعیەتدان بە یاساکانی ناو بەرنامەی حکومەت و وەرەقەی ڕێککەوتنی سیاسی و پەسەندکراوی هێزە سیاسییەکان، لەوانە یاسای لێبوردنی گشتی، نەوت و گاز، و یاسای ئەنجومەنی فیدراسیۆن، جگە لە کۆمەڵێک ڕەشنووسی یاسای تەواوکراو لەلایەن سەرۆکایەتی کۆمارەوە کە ڕەوانەی پەرلەمان کراون”.