سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی ئەمڕۆ دووشەممە بە سەردانێک گەیشتە بەغداد و لەگەڵ محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق کۆبووەوە، لە کۆبوونەوەکەدا بافڵ جەلال تاڵەبانی جەختی لە ناردنی مووچەی مووچەخۆران کردەوە و رایگەیاند، ئەوە قوتی خەڵکە و پەیوەست نییە بە هیچ حزب و لایەنێکەوە.
لە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆی بافڵ جەلال تاڵەبانی و محەمەد شیاع سودانیدا هەریەک لە رەفعەت عەبدوڵا، بڕیاردەری دەستەی کارگێڕی و دەرباز کۆسرەت رەسوڵ، کارگێڕی مەکتەبی سیاسی و سەعدی ئەحمەد پیرە، ئەندامی مەکتەبی سیاسی ئامادەبوون.
دۆخی سیاسی، ئابووری و ئەمنیی وڵات لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆی لەبارەوەکرا و جەختیان لەچارەسەرکردنی کێشەکان و سەرخستنی بەرنامەی حکومەت بۆ زیاتر خزمەتکردنی خەڵک کردەوە .
سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی پشتگیری بۆ کارنامەی حکومەت دووپاتکردەوە و رایگەیاند، “پابەندبوون بە رێککەوتنە سیاسییەکان و پاراستنی مافی هەموولایەک لەچوارچێوەی یاسا و دەستوور، زامنی پاراستنی سەقامگیری، ئارامی و سەرکەوتنی بەرنامەکانی حکومەتە”.
بافڵ جەلال تاڵەبانی داوایکرد، چیتر کێشە سیاسییەکان نەبنە بەربەست بۆ جێبەجێکردنی کارنامەی حکومەت و خزمەتکردنی هەموو نەتەوە و پێکهاتەکانی وڵات.
جەختی لە چارەسەرکردنی کێشەکانی هەولێر و بەغدا و ناردنی شایستە داراییەکانی هەرێم کردەوە و وتی، “ئەوە مافی مووچەخۆران و قووتی خەڵکی کوردستانە و پەیوەست نییە بە هیچ حزب و لایەنێکی سیاسییەوە”.