عەلی حەمەساڵح پڕۆژەیەك بۆ دابەزاندنی نرخی بەنزین و قازانجكردنی حكومەت دەخاتەڕوو

“ھیچ حوکمڕانیەک نیە نەوتی خاو و پاڵاوگەی ھەبێت، باوەڕی بە پیشەسازیی نەوت نەبێت و سوتەمەنیی خراپ لە دەرەوە بھێنێت بە نرخێکی گران!!”

سەرۆكی لیژنەی وزە و سامانە سروشتییەكان پڕۆژەیەكی تایبەت بە نرخی بەنزین دەخاتەڕوو و دەڵێت، دەتوانرێت هەم نرخەكەی داببەزێندرێت و هەمیش داهاتی حكومەتی هەرێم لە فرۆشتنی نەوت زیاتردەكات.

عەلی حەمەساڵح، سەرۆكی لیژنەی وزە و سامانە سروشتییەكانی پەرلەمانی كوردستان پەیامێكی كراوەی ئاراستەی سەرۆكایەتیی حكومەتی هەرێم كرد و دەڵێت، ھەرێمی کوردستان ڕۆژانە پێویستی بە 6.5 ملیۆن لیتر بەنزینە، ئەگەر نەوتی خاو دابینبکرێت بۆ ھەردوو پاڵاوگەی کار و قەیوان، دەتوانن ڕۆژانە 215 ھەزار بەرمیل نەوت بپاڵێون و پێداویستی ھەرێمی کوردستان لە بەنزین، نەوتی سپی و گازوایل دابیندەکات.

دەشڵێت، بەپێی لێکۆڵینەوەیەک، كە لەگەڵ چەند کەسێکی شارەزا ئەنجامیانداوە، لەدوای پێدانی نەوت بە پاڵاوگەكان ئەگەر نرخی لیترێک بەنزین بە (650 دینار) بفرۆشرێت و پێکھاتەکانی دیکەش بەنرخی بازاڕ، بەرمیلێک نەوت (56 دۆلار)ی دەمێنێتەوە، لەو بڕە ئەگەر (24 دۆلار) بۆ کۆمپانیاکانی بەرھەمھێنان و پاڵاوتن بێت، ھێشتا (32 دۆلار) دەمێنێتەوە، ئەم بڕەش زۆر زیاترە لە پوختەی ئەو داھاتەی لە فرۆشتنی بەرمیلێک نەوت لە ڕێگای بۆری دەمێنێتەوە، کە ئێستا (25 دۆلار)ە.

“بەم پرۆژەیە ئەگەر لە مانگێکدا حکومەت (100 ھەزار بەرمیل نەوت) بپاڵێوێت، (21 ملیۆن دۆلار) داھاتی زیاتری دەستدەکەوێت لەوەی بە بۆری بیفرۆشێت، نرخی بەنزین و پێکھاتەکانی دیکەش دادەبەزێت و کوالێتیش باش دەبێت”، وەك ئەوەی عەلی حەمەساڵح ئاماژەی پێدەدات.

دەشڵێت، “ھیچ حوکمڕانیەک نیە نەوتی خاو و پاڵاوگەی ھەبێت، باوەڕی بە پیشەسازیی نەوت نەبێت و سوتەمەنیی خراپ لە دەرەوە بھێنێت بە نرخێکی گران!!”.

سەرۆكی لیژنەی وزە و سامانە سروشتییەكان ڕونیشیدەكاتەوە، پاڵاوگەی کار ڕۆژانە توانای پاڵاوتنی (175 ھەزار بەرمیل نەوت)ی ھەیە، ئێستا تەنیا (25 ھەزار بەرمیل نەوت) بۆ حکومەتی ھەرێم دەپاڵێوێت، بەرھەمی ڕۆژانەی بەنزین بۆ حکومەتی ھەرێم (یەک ملیۆن) لیترە، بەشێوەی قۆرخکاری ھەر لیترێک بە (620 دینار) دەدرێتە ھەردوو کۆمپانیای سەن ئۆیڵ و کورد نەفت، ئەوانیش بە بەنزیخانەکانی دیکەی دەفرۆشن بە (775 دینار)، لە بەنزینخانەکانی خۆشیان دەیفرۆشن بە (660 دینار).

پاڵاوگەی کار ڕۆژانە بڕێکی زۆر نەفتا بۆ پاڵاوگەی لاناس دەپاڵێوێت و نزیکەی (800 ھەزار لیتر بەنزین)یان ھەیە و بە نرخی بازاڕ دەیفرۆشن، وەك ئەوەی عەلی حەمەساڵح باسیدەكات.

دەشڵێت، پاڵاوگەی بازیان (قەیوان)یش توانای پاڵاوتنی (40 ھەزار بەرمیل نەوت)ی ڕۆژانەی ھەیە و بەتەواوی بۆ حکومەتی عێراق کاردەکات و کۆی بەرھەمەکان دەداتەوە بە عێراق.

بڵاوكردنەوەی ئەو پرۆژەیە لەكاتێكدایە ئەمڕۆ لە سلێمانی 25 دیناری دیكە چووە سەر نرخی بەنزین و نۆڕماڵ بۆ 825 دینار بەزبووەوە.

لەگەڵ دەستپێكی بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین، حكومەتی هەرێمی كوردستان باسی لە لابردنی باجی سەر سوتەمەنیی هاوردەكراو كرد، بەڵام تائێستا ئەو بڕیارە جێبەجێنەكراوە و نرخی بەنزینیش بەردەوام لە بەرزبوونەوەدایە.

پێشتر كاروان گەزنەیی، ئەندامی لیژنەی وزە و سەرچاوە سروشتییەكانی پەرلەمانی کوردستان بە تۆڕی میدیایی ئێستای ڕاگەیاند، تاوەكو باجی سەر بەنزین لانەبرێت، نرخی بەنزین بەمشێوەیە دەمێنێتەوە و نرخەكەی بەردەوام لە بەرزبوونەوەدا دەبێت، تاوەكو ئێستاش حكومەت هیچ وادەیەكی دیارینەكردووە بۆ لابردنی باج.

بابەتی پێشتر

خشتەی یارییەکانی ئەمڕۆ بە کاتی هەرێمی کوردستان

بابەتی دواتر

زانیاری لەبارەی ئەو دوو بۆریی پاڵاوگەی بەنزینەی هێنرانە سلێمانی

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

سەنتەری فریاکەوتنی سلێمانی : لە ئاهەنگەکانی نەورۆزی سلێمانی هیچ هاوڵاتییەک پەیوەندی بە سەنتەرەکەمانەوە نەکردووە

بەڕێوەبەری سەنتەری فریاکەوتنی سلێمانی، رایدەگەیەنێت، لە ئاهەنگەکانی نەورۆزی شاری سلێمانی هیچ هاوڵاتییەک پەیوەندی بە سەنتەرەکەیانەوە نەکردووە. سامان نادر،…
Total
0
Share