پاش ئەوەی چارەكی رێگاكەی بۆ بوونە یەكەم (تریلیۆنەر) لە مێژوودا بڕی، ئیلۆن مەسك-ی ملیاردێری ئەمریكی لە تەنها رۆژێكدا 20 ملیار دۆلاری لەدەستدا، كە دەكاتە 8%ی سامانەكەی.
لەدەستدانی ئەو بڕە پاش دابەزینی پشكەكانی كۆمپانیای تێسلا بۆ ئۆتۆمبێلە كارەباییەكان بوو، دوای هۆشداریی كۆمپانیاكە لەوەی ناچاردەبێت بە درێژەدان بە دابەزاندنی نرخی ئۆتۆمبێلە كارەباییەكانی، بەوەش پشكی كۆمپانیاكە نزیكەی 9%ی بەهاكەی لەدەستدا.
سامانی مەسك-ی سەرۆكی جێبەجێكاری كۆمپانیای تێسلا رۆژی پێنجشەممە لە 255 ملیار دۆلارەوە بۆ نزیكەی 234 ملیار دۆلار لە دوێنێ هەینی دابەزی، كە ئەوەش دەكاتە كەمبوونەوەی بە بڕی 20.3 ملیار دۆلار بەپێی پێنوێنییەكانی بلۆمبێرگ بۆ ملیاردێرەكان.
سەرەڕای ئەو زیانە گەورەیەش، مەسك هێشتا دەوڵمەندترینی جیهانی و پێش خاوەن ریزبەندیی دووەم برنارد ئارنۆ-ی ملیاردێری فەرەنسی كەوتووە كە سامانەكەی دەگاتە 201 ملیار دۆلار.