بانکی ناوەندی عێراق ئاشکرای کرد کە یەدەگی دراوی بیانیی عێراق گەیشتووەتە 113 ملیار دۆلار و قەرزە ناوخۆییەکانیشی گەیشتووەتە 47 ملیار دۆلار.
عەمار خەڵەف جێگری پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق رایگەیاند، تائێستا %96ی کۆی داهاتی عێراق پشت بە فرۆشتنی نەوت دەبەستێت و لەماوەی رابردووشدا بەرزبوونەوەی نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهان، کاریگەریی زۆری لە سەر بەرزبوونەوەی کۆی داهات و یەدەگی دراوی بیانیی عێراق هەبووە، بەهۆی ئەوەشەوە دەرفەتێکی گەورە لە بەردەم گەشەپێدانی ئابووریی عێراق دروستبووە.
وتیشی، کۆی داهات و یەدەگی دراوی بیانیی عێراق گەیشتووەتە 113 ملیار دۆلار، قەرزە ناوخۆییەکانیش گەیشتوونەتە 47 ملیار دۆلار کە ئەوەش کێشەی بۆ حکومەتی عێراق دروستکردووە، چونکە بەشێکی زۆریان وادەی دانەوەیان دیاریکراوە و ئەو وادەیەش نزیکبووەتەوە.