شارەزایەکی ئابوریی عێراقی باس لەوەدەکات کە ئەگەری هەیە هەناردەی نەوت بەڕێگەی هێڵی عێراق – سوریا ببێتە بەدیلێک بۆ گواستنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان و کەرکوک بۆ بەندەری جەیهان.
نەبیل مەرسومی رایگەیاندووە، بەرژەوەندیی لە دووبارە کارپێکردنەوەی هێڵی عێراق – سوریادایە، بەهۆی ئەوەی تورکیا رەزامەندی نادات بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان و کەرکوک بۆ بەندەری جەیهان، بۆیە ئەم هێڵە دەکرێت بەدیلێک بێت بۆ هەناردەی نەوت لە رێگەی تورکیاوە.
ئاماژەی بەوەشکردووە کە دووبارە کارپێکردنی ئەم هێڵە رووبەڕووی کۆمەڵێک کێشە و تەحەدا دەبێتەوە کە گرنگترینیان بریتین لە:
یەکەم: پرۆژەکە ناکۆکە لەگەڵ سزاکانی ئەمریکا کە بەسەر سوریادا سەپێنراوە، هەربۆیە تێپەڕاندنی پرۆژەکە پێویستی بە ڕەزامەندیی ئەمریکا هەیە، چونکە بەناوچەکانی ژێر کاریگەریی واشنتۆندا تێدەپەڕێت.
دووەم: ئەو ناوچانەی لە عێراق و سوریا بۆرییەکانی پێدا تێدەپەڕن ناوچەی جێناکۆکن.
سێیەم: تێچووی زۆری نۆژەنکردنەوەی چونکە پڕۆژەکە بەتەواوی وێران بووە.
چوارەم: تێچووی زۆری پاراستنی بۆرییەکان، چونکە ئەو بۆرییانە بە بیابانی سوریادا تێدەپەڕێت، کە شانەکانی داعش تێیدا چالاکن.
پێنجەم: ئەگەر عێراق توانای دارایی هەبێت بۆ پاراستنی ئەو بۆرییە، بەڵام سوریا توانای ئەوەی نییە، ئەمە جگە لەوەی ناکۆکییەکانی نێوان عێراق و سوریا لەسەر پرسی دووبارە دامەزراندنەوەی بۆرییەکە.
بۆری هەناردەکردنی نەوتی عێراق و سوریا دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1952، ئەو کاتە لەلایەن “پترۆلیۆمی بەریتانیا”وە جێبەجێ کرا.
درێژی هێڵەکە 800 کم بە تیرەکەی 32 ئینج، هەروەها کێڵگەکانی کەرکوک و بەندەری بانیاس لە سوریا و تەرابلوس لە لوبنان بەیەکەوە دەبەستێتەوە، توانای هەناردەکردنی 700 هەزار بەرمیلە لە رۆژێکدا.