جەنگ ڕودەدات؟ ئێران هەڕەشە دەكات و ئەمریكا و ئیسرائیل هێز دەجووڵێنن

ئێران هەڕەشە دەكات كە تۆڵەی كوژرانی فەخریزادە و سلێمانی دەكاتەوە، ئەمریكا و ئیسرائیل-یش هێز لە ناوچەكە بڵاودەكەنەوە و وەكخۆیان دەڵێن، “هەر جووڵەیەكی ئێران، بە خێرایی و توندی بەرپەرچ دەدەنەوە.”

لەم (ڕاپۆرتەهەواڵ)ـەدا، بەدوای وەڵامی ئەو پرسیارەدا دەگەڕێین، كە چی لە پشت ئەم پێشهاتانەوە دەگوزەرێت؟

هاوكاتی جووڵاندنی ژێردەریاییەكی ئەتۆمیی ئەمریكا لە ئاوەكانی ناوچەكەدا، ژێردەریاییەكی ئیسرائیلی بەرەو ئاوەكانی كەنداو بەڕێكەوتووە، ئیسرائیل دەڵێت، “ئامانج لەو جموجۆڵە، ئامادەسازییە بۆ بەرپەرچدانەوەی هەر هێرشێكی ئێران كە لە تۆڵەی كوژرانی زانا ئەتۆمییەكەیدا ئەنجامی بدات.”

دوای ئەوەی لە چەند هەفتەی ڕابردوودا، موحسین فەخری زادە، زانای ئەتۆمیی ئێران لە هێرشێكی تەمومژاویدا لە خۆرهەڵاتی تاران كوژرا، كاربەدەستانی ئەو وڵاتە ئیسرائیل-یان بە كوشتنەكەی تۆمەتباركرد و هەڕەشەی تۆڵەسەندنەوەیان كرد.

یەكەم كاردانەوەی فەرمی، حەسەن ڕوحانی، سەرۆكکۆماری ئێران نواندی، كاتێك وتی، “تۆڵەی کوشتنی موحسین فەخری زادە دەکەینەوە و لە شوێن و کاتی خۆیدا تۆڵەی ئێران دەبینن.”

دواتر عەلی خامنەئی، ڕابەری باڵای شۆڕشی ئیسلامیی ئێران لە تویتێکدا ڕایگەیاند، “ئەوانەی موحسین فەخریزادەیان کوشت، بە سزای خۆیان دەگەن و دەبێت بەدواداچون بکرێت بۆ ئەو تیرۆرە و تاوانباران بە سزابگەن.”

بەدوای ئەوانیشدا، چەندین كاربەدەستی سەربازیی ئێران، ئیسرائیل-یان بە كوشتنی زانا ئەتۆمییەكەیان تۆمەتباركرد و هەڕەشەی وەشاندنی گورزی توندیان لێكرد.

هاوكاتی ئەمانە، ساڵیادی كوشتنی قاسم سلێمانی فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران نزیكدەبێتەوە، كە نزیكەی ساڵێك لەمەوبەر، لە بەغداد لەگەڵ ئەبو مەهدی موهەندس جێگری سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبی، لەلایەن ئەمریكا-وە كوژران، بۆیە هەڕەشەكانی ئێران بۆ تۆڵەسەندنەوە، لەگەڵ نزیكبوونەوەی ساڵیادی ڕوداوەكەدا زیاتربوون.

لەبەرانبەر ئەم هەڕەشانەدا، ئیسرائیل ژێردەریاییەكی بەرەو ئاوەكانی كەنداو بەڕێخستووە. ڕۆژنامەی “تامیز ئۆڤ ئیسرائیل” كە میدیایەكی دیاری ئیسرائیل-ـە، بڵاویكردووەتەوە كە ژێردەریاییەكە نۆكەندی سوێس-ی تێپەڕاندووە و بە گوێرەی سەرچاوەیەكی هەواڵگیری، میسر بەو جموجۆڵەی ئیسرائیل قایلە.”

هاوكاتی جوڵاندنی ژێردەریاییەكە، دووشەممەی ڕابردوو 21ی كانونی یەكەم، ئەڤیڤ گوزانسكی، سەرۆكئەركانی هێزەكانی بەرگریی ئیسرائیل، هۆشداری دا بە ئێران لەوەی گەر هەر جۆرە هێرشێك بكاتە سەر ئیسرائیل، ئەوا بە توندی بەرپەرچی دەدەنەوە.

پێدەچێت ئیسرائیل، هەڕەشەكانی ئەمجارەی ئێران-ی بەجدی وەرگرتبێت و بایەخی زیاتریان پێبدات، چونكە وەك ڕۆژنامەی واشنتن پۆست، لە زاری یوئیل گوزانسكی، ئەندامی دیاری “پەیمانگەی لێكۆڵینەوەكانی ئاسایشی نەتەوەیی ئیسرائیل”ـەوە بڵاویكردووەتەوە، “ئەو جموجۆڵە سەربازییانەی ئیسرائیل ڕێكەوت نین، بەڵكو پەیامێكن بۆ ئێران بەوەی هیچ هێرشێك لە تۆڵەی كوژرانی زانا ئەتۆمییەكەیدا ئەنجام نەدات.”

ئەو كاربەدەستەی ئیسرائیل وتویەتی، “ئەركی ژێردەریاییەكەی ئیسرائیل و جموجۆڵە سەربازییەكانی تر، جەنگێكی دەروونییە بەرانبەر بە ئێران.”

ڕۆژی چوارشەممەی ڕابردووش ئیسرائیل یەكەم فڕۆكەهەڵگری لە چوارچێوەی ژمارەیەك فڕۆكەهەڵگری نوێدا خستەئەركەوە و ڕایگەیاند، “تەكنیك و هێزەكانمان زیاتر پێشدەخەین بۆ ڕوبەڕوبوونەوەی دوژمنە هەرێمییەكانمان، لەوانەش ئێران.”

هاوكاتی جموجۆڵە سەربازییەكانی ئیسرائیل، ئەمریكا ژێردەریاییەكی ئەتۆمی لە گەرووی هورمز-دا جووڵاندووە و چاودێران بە ئامادەباشییەكی ئەمریكا لێی دەڕوانن، بەرانبەر هەر ئەگەرێك لە ساڵیادی كوشتنی قاسم سلێمانی-دا، بە تایبەت دوای ئەوەی هێزی دەریایی ئەمریكا لە ڕاگەیاندراوێكدا ئاشكرایكرد كە ژێردەریاییەكە توانای هەڵگرتنی 154 موشەكی تۆماهۆك و 66 سەربازی هێزە تایبەتەكانی ئەمریكا-ی هەیە، لەكاتێكدا ئەمریكا زانیاری لەبارەی شوێنی ژێردەریاییەكانییەوە ئاشكراناكات.

بابەتی پێشتر

مەترسیدارترین ئەو ڕوداوانەى لە 2020دا ڕویاندا

بابەتی دواتر

دووشەممەى داهاتوو پەرلەمان و حکومەت کۆدەبنەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share