ڕوسیا و چین بەشێك نین لە ڕێككەوتنەكە
لە لوتكەی گلاسكۆ 100 وڵات لەسەر كەمكردنەوەی دەردانی میسان ڕێككەوتن

لە لوتکەی ئاووهەوای نەتەوە یەکگرتووەکان لە گلاسکۆی سکۆتلەندا، زیاتر لە 100 وڵاتی جیهان، کە ئەمریکا و وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپای تێدایە، ڕێککەوتوون لەسەر کەمکردنەوەی دەردانی گازی میسان، بەجۆرێک تا ساڵی 2030 بەڕێژەی 30% کەمبکرێتەوە.

گازی میسان دوای دووەم ئۆکسیدی کاربۆن، دووەم گازی دەردراوە لە زەویدا، کە توانای قەتیسکردنی گەرمای بەرزترە لە دووەم ئۆکسیدی کاربۆن و توانای بڵاوبوونەوەشی لە هەوادا زۆر خێرایە، ئەمەش بەو مانایەی کەمکردنەوەی گازی میسان دەکرێت کاریگەریی خێرای هەبێت لەسەر کەمبوونەوەی قەتیسبوونی گەرما.

لەوبارەیەوە جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاند، ڕێککەوتن لەسەر کەمکردنەوەی گازی میسان، کە لە COP26 بڕیاری لەسەردراوە، ڕێككەوتنەكەش ئەو وڵاتەنەی تێدایە کە نزیکەی 70%ی دەردانی گازی میسان لەجیهاندا پێکدەهێنن.

بایدن وتی، “پێکەوە بڕیاری کەمکردنەوەی دەردانی میسانمان داوە بەڕێژەی 30% تاوەکو ساڵی 2030، پێمانوایە ئەمە دەتوانێت ئەوەی تێمانپەڕاندووە، بگەڕێنێتەوە”.

بەرازیل یەکێکە لەو وڵاتانەی ڕێککەوتنەکەی واژووکردووە، یەکێکیشە لە گەورەترین وڵاتانی هۆکاری دەردانی گازی میسان لە جیهاندا، ئەو بەڵێننامەیە لەلایەن شەش گەورەترین 10 وڵاتی سەرچاوەی دەردانی میسانەوە واژووکراوە، ئەوانیش، ئەمریکا، بەرازیل، ئیندۆنیسیا، نەیجیریا، پاکستان و مەکسیک.

هەروەها چین، ڕوسیا، هیندستان و ئێران لە 10 وڵاتی گەورەترین سەرچاوەی دەردانی گازی میسانن، بەڵام بەشدارییان لە ڕێككەوتنەكە نەكردووە.

ئۆرسۆلا ڤۆن دێرلاین سەرۆکی کۆمسیۆنی ئەوروپا ڕایگەیاند، “گازی میسان یەکێکە لەو دەردراوە ژەهراوییانەی بە ئاسانی دەتوانین کەمیبکەینەوە، بە کەمکردنەوەیشی گۆڕانکاریی خێرا لە ئاووهەوا دروستدەکەین”.

لەگەڵ ئەوەی ئەو ڕێککەوتنە بەشێک نییە لە دانوستانە فەرمییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، بەڵام دەکرێت ڕێککەوتن بۆ کەمکردنەوەی گازی میسان لەگرنگترین ئەنجامەکانی لوتکەی COP26 بێت، کە کاریگەریی دەبێت لەسەر گۆڕانکارییەکانی ئاووهەوا.

ڕاپۆرتێكی نەتەوە یەکگرتووەکان لە مانگی ئایاری ئەمساڵدا دەڵێت، کەمکردنەوەی دەردانی گازی میسان لە ماوەی 10 ساڵەدا دەتوانێت نزیکەی 0.3 پلە کاریگەری لەسەر نزمبوونەوەی پلەی گەرمای زەوی دروستبکات.

بابەتی پێشتر

ڕۆناڵدۆ.. پادشای ژمارە پێوانەییەكان

بابەتی دواتر

ئەمشەو جەنگی تۆپی پێ لە ئانفێڵد دەكرێت

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share