سەرۆك وەزیرانی عێراق و سەرۆكی توركیا لە پەیوەندییەكی تەلەفۆنیدا بونیادنانی هاوبەشییە هەرێمایەتی و نێودەوڵەتییەكانیان تاوتوێكرد.
محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق پەیوەندییەكی تەلەفۆنی لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆكی توركیاوە پێگەیشت و تیایدا پەیوەندییە دووقۆڵییەكانی نێوان هەردوو وڵات و چۆنیەتی پەرەپێدانی تاوتوێكرا.
نوسینگەی سەرۆك وەزیران بڵاویكردەوە، سودانی سووربوونی عێراقی لەسەر بونیادنانی هاوبەشیی هەرێمایەتی و نێودەوڵەتی دووپاتكردەوە، كە ببێتەهۆی پەرەپێدانی ئابوریی نیشتمانیی هەردوو وڵات و، كاركردنی لەسەر رووبەڕووبوونەوەی ئالنگارییەكان و هێنانەدی ئاسایش و سەقامگیری لە ناوچەكەدا.
لای خۆیەوە سەرۆكی توركیا ئاراستەی وڵاتەكەی “بەرەو فراوانكردنی هەماهەنگی لەگەڵ عێراق” خستەڕوو و ئامادەیی توركیا و كۆمپانیاكانی وڵاتەكەیشی دەربڕی لەسەر “كاركردن لە پڕۆژەی رێگای پەرەپێدان و، بەشداربوون لەو هەلە ئابورییەدا، كە ببێتەهۆی ئاڵوگۆڕ و پەیوەندی نێوان هەردوو گەل و، ببێتەمایەی خزمەتكردن بە سەرجەم گەلانی ناوچەكە” وەك ئەوەی لە راگەیەندراوەكەدا هاتووە.