وتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ رایدەگەیەنێت، هەوڵدەدرێت کۆمپانیا ناوخۆییەکان ئەو گەنمەی جوتیاران بکڕنەوە کە حکومەتی عێراق لێیان وەرناگرێت.
هیوا عەلی وتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ بە تۆڕی میدیایی ئێستای راگەیاند، “ئەمساڵ وەرزی بەبازاڕکردنی گەنمی جوتیاران وا کۆتایی دێت و بەشێک لە جوتیاران کێشەی وەرنەگرتنی گەنمەکەیان لە سایلۆکان هەیە، لەلایەن کەمال موسلیم وەزیری بازرگانی و هەردوو کۆمپانیای خۆشناو و کۆمپانیای قەیوان کۆنووسێک بۆ ئەنجومەنی وەزیران بەرزکراوەتەوە بۆ ئەوەی دوو کۆمپانیایە بە نرخێک کەمتر لەوەی حکومەتی عێراق و زیاتر لەوەی لە بازاڕدا هەیە گەنمی جوتیاران بکڕنەوە”.
ئاماژەی بەوەشکراوە، “پێشبینی دەکەین بە نرخی 700هەزار دینار بۆ هەر تۆنێک گەنم لە جوتیاران وەربگیرێت”.
ئاشکراشیکرد، “جارێ بڕیاری تەواو لەبارەیەوە نەدراوە، بەڵام پێشبینی دەکەین لەم چەند رۆژەدا یەکلایی بکرێتەوە، چونکە ئەوە چارەسەری کۆتاییە”.