دوای کۆبوونەوەی ئەمڕۆی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان، بافڵ جەلال تاڵەبانی رایگەیاند، “لە ئەمڕۆوە یەکێتیی بە بێدەنگی نامێنێتەوە و قسە و کرداری نابەرپرسانە کارمان لێناکات، هەموو شتێک وەک خۆی وەڵامدەدەینەوە”.
لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان رایگەیاند، “ئێمە هەوڵی رێککەوتن دەدەین، بەڵام دڵنیابن لە ئەمڕۆ بەدواوە یەکێتی بە بێدەنگی نامێنێتەوە، هەر شتێک رووبدات لەکاتی خۆیدا و وەک خۆی وەڵامدەدرێتەدوە”.
وتیشی، “یەکێتی هێزە، یەکێتی خوێنی شەهیدانە، یەکێتی مێژووە”.
لەلایەکی دیکەوە فازڵ میرانی بەرپرسی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان رایگەیاند، کە لە کۆبوونەوەکەدا لەگەڵ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان خاڵی هاوبەشیان زۆربووە و خاڵی ناکۆکیشیان هەبووە.
باسی لەوەکرد، لە زووترین کاتدا کۆبوونەوەی سێیەم دەکەن و ئەو ناکۆکییانە چارەسەردەکەن.