ئەنجومەنی نوێنەران وەرزی “گەرم”ی یاسادانان دەستپێدەكات

لەمڕۆوە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق وەرزی نوێی یاسادانان دەستپێدەكات، لەو وەرزەی چەندین پرۆژەیاسا لە چاوەڕوانییدایە لە دیارترینیان یاساكانی نەوت و غاز و لێبوردنی گشتییە كە مشتومڕی زۆریان لەسەرە.

دوێنێ بەشی راگەیاندنی ئەنجومەنی نوێنەران بڵاویكردەوە، سەرۆکایەتی ئەنجومەن دەستپێکردنی خولی دووەمی ساڵی دووەمی یاسادانان رادەگەیەنێت كە لە (ئەمڕۆ) یەكشەممە 9ی تەمموزەوە دەبێت و، تیایدا لیژنەکان دەست بە کاری یاسادانان و چاودێریکردن دەکەن و یەکەم دانیشتنی خولی دووەمی یاسادانانیش لە رۆژی شەممەی داهاتوو 15ی تەمموز بەڕێوەدەچێت.

لەگەڵ دەستپێكردنەوەی وەرزی نوێ كە بەپێی دەستوور ماوەی چوار مانگ دەخایەنێت، چەندین پرۆژەیاسا لە بەردەم ئەنجومەنەكەدا دەبن بۆ تاوتوێكردن و بڕیاردان.

سایتی سكای نیوز لە زاری دكتۆر موهەنەد جەنابی، شیكەرەوەی سیاسی و ئەكادیمیی عێراقی رایگەیاند، ئەنجومەنی نوێنەران دانیشتنەكانی دەستپێدەكاتەوە بە پرۆژەیاسا خوێندراوەكان و ئەو پرۆژەیاسایانەی لەلایەن حكومەتەوە رەوانە دەكرێن.

وتیشی، “دیارترین پرۆژەیان پرۆژەیاسای (لێبوردنی گشتی)ییە كە مشتومڕی بەرفراوانی لەسەرە، هەروەك (ڤیتۆی سیاسی) لەسەر هەیە بەتایبەت لەلایەن هەندێك لە لایەنەكانی چێوەی هەماهەنگی”.

حكومەتی ناوەند بەر لە چەند رۆژێك لیژنەیەكی تایبەت بەو پرۆژەیاسایانە پێكهێنا كە رەوانەی ئەنجومەنی نوێنەران كراون، باوەڕوایە لیژنەكە دەسەڵاتی هەڵسەنگاندنی پرۆژەیاساكان و بڕیاردان لەبارەیانەوە هەیە.

ئەم وەرزە چەند پرۆژەیاسایەكی حكومی لە بەردەمدایە، نەك پرۆژەیاسای سیاسی، وەك ئەو پرۆژانەی سازانی سیاسییان لەسەر هەیە، یاخود ئەوانەی لە نامەی پێكهێنانی حكومەت و بەرنامەی وزاری (كارنامەی حكومەت)دا هەن، جەنابی وای وت.

هەروەك لایەنە سیاسییەكان چاوەڕوانی یاسایەكی زۆر گرنگن، كە ئەویش یاسای نەوت و غازە، بەڵام جەنابی گەشبین نییە بە پەسەندكردنی پرۆژەیاساكانی نەوت و لێبوردنی گشتی لەم وەرزەدا چونكە “كەشی سیاسی و پەیوەندییەكانی نێوان لایەنەكانی هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت، باوەڕناكرێت ئەرێنی بین، بە ئاستێك كە رێگەخۆشكەربێت بۆ یەكلاكردنەوەیان”.

یاسای لێبوردنی گشتی ناكۆكیی زۆری لایەنەكانی شیعە و سوننەی لەسەرە، هەندێكیان داوای پەسەندكردنی دەكەن بۆ دەربازكردنی ئەوانەی پێیانوایە لە سەردەمی حكومەتەكانی پێشوودا “ستەمیان لێكراوە” و پاش دانپێدانانی بەزۆر بەندكراون، هەندێكی دیكەشیان داوای رەتكردنەوەی دەكەن و دەڵێن وەك “پاداشتكردن”ی تاوانبار و گەندەڵكاران وایە لەسەر ئەو تاوانانەی ئەنجامیانداوە بە بەسەرنەبردنی سزای گونجاوی خۆیان.

سكای نیوز لە زاری یاسین عەزیز، شیكاری سیاسیی عێراقی رایگەیاند، بەشێك لەو پرۆژەیاسایانەی لە بەردەم ئەنجومەنی نوێنەرانن پەیوەستن بە لایەنی ئەمنی و دەزگاكانی “ئاسایشی نیشتمانی” و “هەواڵگری” و وتی، حكومەتەكەی سودانی رووبەڕووی فشار دەبێتەوە بۆ پێدانی پۆستی ئەمنیی هەستیار بە لایەنەكانی چێوەی هەماهەنگی.

پێشیوایە ناكۆكی لەبارەی یاساكانی “ئاسایشی نیشتمانی” و “هەواڵگری” لەسەر بنەڕەتی یاساكان نییە، بەڵكو لەسەر دەستگرتنە بەسەر پۆستەكاندا.

ئاماژەشیدا، وەرزی نوێی یاسادانان دانیشتنی “گەرم” و “یەكلاكەرەوە” لەخۆدەگرێت بەتایبەت لەنێوان پەرلەمانتارانی چێوەی هەماهەنگی و لایەنەكانی دیكە لە سوننە و كورد.

هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت لە ئەیلولی 2022 بۆ پێكهێنانی حكومەتی نوێی عێراق پاش لە زیاتر لە ساڵێك بەسەر سەرنەكەوتنی هەوڵەكان لەو چێوەیەدا پێكهێنرا.

بەڵام پێكهێنەرانی هاوپەیمانییەكە كە كورد، شیعە و سوننەیان تیایە هەمووكات لەسەر پرسە سەرەكییەكان كۆك نین، ناكۆكییەكانیش پرسیار لەبارەی ئایندەی هاوپەیمانێتییەكەوە دەهێنێتە كایەوە.

بابەتی پێشتر

ئەنچیلۆتی بۆ پێرێز: هێشتا داواکارییەکەم جێبەجێ نەکراوە

بابەتی دواتر

ئیدارەی مان یونایتد پاڵ بە ماگوایەرەوە دەنێت

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

بەغداد.. سێ تەقینەوە ئەنجامدران

زنجیرەیەك تەقینەوە سێ مەیفرۆشییان لە بەغداد كردە ئامانج و كەسێك برینداربوو. شانەی ڕاگەیاندنی ئەمنیی عێراق بڵاویكردەوە، ئەمڕۆ دووشەممە…
Total
0
Share