کوشتارگەی هاوچەرخی هەولێر بڵاویکردەوە ساڵی رابردوو 71 هەزار کیلۆگرام زیاتر گۆشتی قوربانییان رادەستی هاوڵاتییان کردووەتەوە و لە ئەمساڵدا بەراورد بە پار رێژەی قوربانیکردن کەمبووە.
لە راگەیەندراوی کوشتارگەی هەولێردا هاتووە، له جهژنی قوربانی ئهمساڵدا، 513 سهر ئاژهڵی گهوره و 1359 سهر ئاژهڵی بچووك لە کوشتارگەکە کراون بە قوربانی و رادەستی خاوەنەکانیان کراونەتەوە، لەکاتێکدا لە ساڵی رابردوودا 623 ئاژهڵی گهوره و 2852 ئاژهڵی بچووك کران بە قوربانی.
ئاماژە بەوەشکراوە، لە چوار رۆژی جەژنی ئەمساڵدا، کۆی گشتیی ئەو گۆشتەی بۆ قوربانیکردن شیاو بووە لە رووی تەندروستییەوە و دراوەتەوە بە هاوڵاتییان بڕی 118 هەزار کیلۆگرام بووە، بەڵام ساڵی پار بڕی 179000 كیلۆگرام گۆشت بووە.
لە ئەمساڵدا بڕی 2026 كیلۆگرام گۆشت بەهۆی نەشیاوییەوە رهتكراوهتهوە، ساڵی رابردوو بڕی 3432 كیلۆگرام رەتکرایەوە.
ئەمە لەکاتێکدایە بەر لە جەژنی قوربانی ئەمساڵ بەهۆی بڵاوبوونەوەی نەخۆشیی تای خوێنبەربوون کە نەخۆشییەکی مرۆژەڵییە و لە ئاژەڵەوە دەگوازرێتەوە بۆ مرۆڤ، وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان ژمارەیەک رێنمایی دەرکرد یەکێک لەوانە قەدەغەکردنی قوربانیکردن بوو لە ماڵەکان و شوێنە نافەرمییەکان جگە لەو شوێنانەی کە وەزارەت رێگەی پێداون.
نەخۆشییەکە لە سەرتاسەری عێراق و هەرێمی کوردستان جگە لە پارێزگای سلێمانی حاڵەتی تووشبوون و مردنی لێ تۆمارکراوە، نەخۆشییەکی ڤایرۆسی گواستراوەی کوشندەیە و بە راستەوخۆ بەرکەوتن بە ئاژەڵی تووشبوو دەگوازرێتەوە.