وەزارەتی بازرگانیی عێراق دووپاتی کردەوە کە عێراق بۆ یەکەمجار باشترین جۆرەکانی گەنمی چاندووە، هاوکات ئاماژەی بەوەدا بەرەو خۆبژێویی گەنم دەڕۆن.
حەیدەر نوری، بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای بەبازاڕکردنی دانەوێڵە لە وەزارەتی بازرگانیی عێراق رایگەیاند، “گەنمی ناوخۆیی بۆ ئەم وەرزە یەکێک بووە لە باشترین جۆرەکانی گەنم، ئەمەش بۆ چەند هۆکارێک دەگەڕێتەوە، یەکەم باران بارین زۆر بووە و تۆوی گەنم لە ماوەی پێشوودا زۆر نایاب بوو، چونکە کێشی تایبەتی دانەوێڵەیەک لە زۆرێک لە پارێزگاکاندا 82 میلیگرامی هەیە، لەکاتێکدا کێشی تایبەتی گەنمی ئوسترالی بۆ هەر دانەوێڵەیەک دەگاتە 81 میلیگرام، واتە قەبارەی دانەوێڵەی عێراقی لە قەبارەی دانەوێڵەی ئوسترالی زیاتر بوو.
ئاماژەی بەوەشکردووە، “کێشی دانەوێڵەیەک لە ساڵانی ڕابردوودا لە نێوان 70-73 میلیگرام بووە، بەڵام لەم وەرزەدا، کێشی دانەوێڵەیەک گەنمی ناوخۆیی گەیشتە 82 میلیگرام، ئەمەش نیشاندەرێکی ئەرێنی گەورەیە، کە هەرگیز لە ساڵانی رابردوودا رووی نەداوە”.
جەختیشی لەوە کردەوە، “عێراق لە وەرزی بازاڕکردنی ئێستادا بەرەو خۆبژێوی گەنم دەڕوات، پێشبینیش دەکەین بەرهەمهێنان لە 4 ملیۆن تۆن زیاتر بێت”.