بافڵ جەلال تاڵەبانی: چیتر ژیان و قووتی خەڵك شەڕی سیاسی پێوەناكرێت

بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە بارەگای مەكتەبی سیاسی لە هەولێر پێشوازیكرد لە میكێلێ كامێرۆتا، كونسوڵی گشتیی ئیتاڵیا لە هەرێمی كوردستان.

لە دیدارێكدا كە دەرباز كۆسرەت رەسوڵ، كارگێڕی مەكتەبی سیاسی و د. رێبوار ئیسماعیل، ئەندامی سەركردایەتی ئامادەبوون دوایین گۆڕانكارییە سیاسییەكانی هەرێم گفتوگۆیان لەبارەوەكرا.

پرسی هەڵبژاردن لە هەرێم و پەسەندكردنی پڕۆژەیاسای بودجە تەوەرێكی تری گفتوگۆكان بوو و لەوبارەیەوە سەرۆك بافڵ جەلال تاڵەبانی رایگەیاند، “یەكێتی هێزێكی پابەندە بە پاراستنی پایەكانی دیموكراسی و لەگەڵ ئەنجامدانی هەڵبژاردنێكی بێگەردین، بەڵام لە چوارچێوەی یاسایەكی گونجاو كە دادپەروەریی تێدابێت و وەڵامدەرەوەی قۆناغەكە و خواستی هەموولایەك بێت”.

لەبارەی بودجەی عێراق و هەوڵەكان بۆ چەسپاندنی دادپەروەری، سەرۆك بافڵ وتی، “هەموو هەوڵەكانمان لەسەر بنەمای یەكسانی و نەهێشتنی جیاكاری بوو، سەرباری ئەوەی وەڵامدەرەوەی سەرجەم خواستەكانی هەرێم نەبوو، بەڵام ئێستاش پێمانووایە جێبەجێكردنی یاساكە وەك خۆی ماف و شایستەداراییەكانی كورد دابیندەكات و چیتر ژیان و قووتی خەڵك شەڕی سیاسی پێوەناكرێت”.

هەر لە دیدارەكەدا سەرۆك بافڵ بۆ كۆچی دوایی سێلڤیۆ بێرلسكۆنی، سەرۆك وەزیرانی پێشووتری ئیتاڵیا، پرسە و سەرەخۆشی گەیاندە كونسوڵ و گەلی ئیتاڵیا و هاوخەمیی خۆی بۆ ئەم ماتەمە دەربڕی.

بابەتی پێشتر

شارەوانیی سلێمانی: هەڵمەتی نۆژەنكردنەوە و قیرتاوكردنی شەقام و كۆڵانەكان بەردەوامە

بابەتی دواتر

دوو گەنجی هەولێر لە رووباری گەلی عەلی بەگدا خنكان

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share