عێراق و توركیا تایبەت بە هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێم كۆدەبنەوە

بڕیارە لە سەرەتای هەفتەی داهاتوو بەرپرسانی بەغداد و ئەنقەرە كۆبوونەوەیەك ئەنجامبدەن بۆ تاوتوێكردنی هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێم كە لە 25ی ئازاری رابردووەوە راگیراوە.

باسم محەمەد عەبادی، بریكاری وەزارەتی نەوتی عێراق بۆ كاروباری دەرهێنان رایگەیاند، رێككەوتن لەگەڵ لایەنی توركیدا كراوە بۆ كۆبوونەوەیەك لە بەغداد لە 19ی ئەم مانگە (دووشەممەی داهاتوو) بۆ تاوتوێكردنی چۆنیەتی سەرلەنوێ هەناردەی نەوت لە كێڵگەكانی كوردستانەوە بۆ بەندەری جەیهان.

رۆژنامەی سەباح-ی نیمچە فەرمی لە زاری عەبادی وتیشی، “لەماوەی رابردوودا هەردوولا لەڕێی ئاڵوگۆڕی پەیامەوە گەیشتوونەتە بڕیاری پابەندبوون بە هەناردەكردنەوە بە زووترین كات”.

ئەوەشی روونكردەوە، وەزارەتی نەوت ئاماژەیە بۆ سەرلەنوێ هەناردەی نەوتی هەرێم بە رێژەی 500 هەزار بەرمیلی رۆژانە.

ئەنقەرە هۆكاری دواكەوتنی پرۆسەی هەناردەكردنەوەی نەوتی بۆ كاری چاككردنەوە و پشكنینی بۆریی توركیا گەڕاندووەتەوە، وەك ئەوەی بەرپرسەكەی وەزارەتی نەوت ئاماژەی پێداوە.

ئاشكراشیكرد، رێژەی هەناردە جێگیرە لە سێ ملیۆن و 300 هەزار بەرمیلی رۆژانە لەڕێی بەندەرەكانی بەسڕەوە، وەك پابەندییەكی عێراق بەو بڕەی ئۆپیك پڵەس دیاریكردووە، بەمەبەستی پاڵپشتیی هاوسەنگیی نرخی نەوت لە بازاڕەكانی جیهاندا.

بابەتی پێشتر

سەباح هەورامی: سلێمانی تاكە پارێزگایە تای خوێنبەربوونی تیادا تۆمارنەكراوە

بابەتی دواتر

لەگەڵ نزیکبوونەوەی تەواوی گەرمای هاویندا هۆشداری لە مەترسییەکانی تیشکی خۆر دەدرێت

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share