چۆن منداڵەکانمان بنێرین بۆ خوێندنگە؟
بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی منداڵان ڕوونیدەکاتەوە

دکتۆر پشدەر عەبدوڵا بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی منداڵان لە سلێمانی ڕایگەیاند، مامەڵەی ناتەندروست لەڕووی خۆراک و نوستن و چۆنێتیی ناردنی منداڵ بۆ خوێندن جگە لە کەمکردنەوەی توانای تێگەیشتنیان زیانی تەندروستیی گەورەشی دەبێت.

یەکێک لە کێشە سەرەکییەکان کە دکتۆر پشدەر عەبدوڵا بەڕێوەبەری نەخۆشخانەکە ئاماژەی پێدا، ئەو خۆراکانەیە کە لە کافتریای نەخۆشخانەکاندا دەفرۆشرێن، وتی، ئەو خۆراکانە بۆ منداڵان بە گشتی و ئەو منداڵانەی نەخۆشیی درێژخایەنیان هەیە زیانی گەورەیان دەبێت.

یەکێک لە کێشەکان کێشی جانتای خوێندکارانە کە منداڵێکی بچوک ژمارەیەکی زۆر کتێب و پێداویستیی لە جانتاکەیدایە، ئەوەش جگە لە گرفتەکانی لە ئێستادا لە داهاتوودا کێشی تەندروستی بۆ بڕبڕەکانی پشتی دروستدەکات.

ئاماژەی بەوەکرد، “داوامان کردووە لە کافتریاکانی خوێندنگەکاندا میوە و چەرەسات بفرۆشرێت نەک خواردنە زیانبەخشەکان، چونکە ڕێگایەکە بۆ تەندروستیی منداڵ بەتایبەت ئەو منداڵانەی نەخۆشیی شەکرەیان هەیە، لەبەرئەوەی خواردنی ناتەندروست لێکەوتەی مەترسیداری هەیە و چارەسەری زۆر قورسە”.

باسی لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشی لە وەرزی پاییز ودەستپێکردنی وەرزی خوێندن کرد، کە یەکێک لە هۆکارەکانی بۆ تێکەڵی و بەریەککەوتنی زۆر گەڕاندەوە ڕایگەیاند، لەکاتی کردنەوەی دەرگای خوێندنگەکان کە هاوکاتە لەگەڵ وەرزی پاییز ژمارەیەکی زۆر نەخۆشی سەرهەڵدەدەن، کە زۆرینەیان پەیوەندیی هەیە بە بەریەککەوتنی زۆرەوە لە خوێندنگەکان، هەرچەندە زۆری و بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکان جیهانییە و مەترسیدار نییە بەڵام مامەڵەکردن لەگەڵیدا مەترسیدارە، ئەویش بەکارهێنانی دەرمانی ناپێویستە کە کێشەی مەترسیداری تەندروستی دروستدەکەن.

داوای لە دایکان و باوکان کرد، لەو حاڵەتانەدا هەندێک جۆری دەرمان بەکارنەهێن و چەند ڕۆژی نەخۆشییەکە بەشێوەی تەندروست مامەڵەی لەگەڵدا بکەن.

سەبارەت بە نوستنی منداڵ ڕایگەیاندا، یەکێکی دیکە لە کێشەکان کەمی خەو یان ناڕێکوپێکییە لە نوستندا، کە دایکان و باوکان ناتوانن کاتەکانیان ڕێکبخەن ئەوەش کاریگەریی نەرێنی لەسەر گەشەی منداڵ و توانای تێگەیشتنی دروستدەکات، جەختیکردەوە، کەم خەوی کێشەی گەورەی تەندروستی و گەشە لە منداڵدا دروستدەکات.

ئەو کاتەی کە لەڕووی تەندروستییەوە پێویستە منداڵ تێیدا بخەوێت بەر لە کاتژمێر 9:00ی شەوە.

بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی منداڵان باسی لە گرنگیی ژەمی بەیانیان بۆمنداڵان کرد لەکاتی چوونیان بۆ خوێندنگە و وتی، هەندێک لە دایکان و باوکان بەبێ ئەوەی نانی بەیانی بدەن بە منداڵەکانیان دەیاننێرن بۆ خوێندنگە کە زیانی زۆری هەیە، چونکە خواردنی بەیانی دەبێتە هۆی زیاتربوونی توانای تێگەیشتن وەرگرتنی وزەیەکی باش و تەندروستیی باش بۆ منداڵەکە.

تیشکی خستەسەر کێشی جانتای منداڵ لەکاتی چوونیان بۆ خوێندنگە، بەپێی وتەی دکتۆر پشدەر، مندالێک لە قۆناغی یەکەمی خوێندنیدا کە لە حاڵەتی ئاساییدا کێشی خۆی 20 کیلۆیە دەبێت جانتاکەی دوو کیلۆ بێت، زیاتر بێت لەو کێشە دەبێتە هۆی گرفتی تەندروستی بۆی چ لە ئێستا و چ لە داهاتووشدا.

 

بابەتی پێشتر

شۆفێرێكی تازەلاو بەتۆمەتی شێلانی دوو كەس و هەڵهاتن دەستگیركرا

بابەتی دواتر

مۆتەكەی ڕاستڕەوی پەڕگیر باڵ بەسەر هەڵبژاردنەكانی سویددا دەكێشێت

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share