بافڵ جەلال تاڵەبانی لە كۆبوونەوەیەكدا لەگەڵ بەرپرسانی هێزە ئەمنییەكان رایدەگەیەنێت، نابێت بەهیچ شێوەیەک بوار بۆ پێشێلکاری و یاساشکێنی بهێڵنەوە.
بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئەمڕۆ سەرپەرشتی کۆبوونەوەیەکی باڵای ئەمنی کرد.
لە کۆبوونەوەکەدا کە لە دەباشان بەڕێوەچوو، هەریەک لە جەلال شێخ ناجی، سەرۆکی ئاژانسی پاراستن و زانیاری/زانیاری و هیوا ئەحمەد، سەرۆکی دەزگای ئاسایشی هەرێم و لیوا روکن بەختیار محەمەد، ئەمینداری وەزارەتی پێشمەرگە و وەهاب هەڵەبجەیی، بەڕێوەبەری گشتیی دژەتیرۆر و سەرخێڵ کەمال، بەڕێوەبەری ئۆپەراسیۆنەکانی دەزگای ئاسایش و پۆلۆ شاڵاو عەلی عەسکەری، لێپرسراوی هەواڵگریی پێشمەرگە و دیار عومەر، جێگری فەرماندەی فەرماندەیی کۆماندۆی کوردستان ئامادەبوون، دوایین گۆڕانکارییە ئەمنییەکان و هەماهەنگییە سەربازی و هەواڵگرییەکانی نێوان هەرێم و عیراق گفتوگۆی لەبارەوەکرا و جەخت لە یەکخستنی هەوڵەکان کرایەوە لەپێناو پاراستنی سەقامگیریی هەرێم و ژیانی هاوڵاتییان.
سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی لەبارەی ئەرک و بەرپرسیارێتیی هێزە ئەمنییەکان ئامادەبووانی بەرچاوڕوونکرد و رایگەیاند، دەبێت لە هەموو قۆناغەکاندا ئەرکی لەپێشینە و بەرپرسیارێتی سەرەکیتان پاراستنی ژیانی خەڵک و چەسپاندنی یاسا بێت. نابێت بەهیچ شێوەیەک بوار بۆ پێشێلکاری و یاساشکێنی بهێڵنەوە و بەتوندترین شێوە رووبەڕووی ببنەوە.
وتیشی، “دڵنیام بە پاڵپشتی و هاوکاریی هەموومان دەتوانین لە ئاست ئەو بەرپرسیارێتییە نیشتمانییەدا بین و مێژوویەکی درەوشاوە بۆ هێزەکانمان تۆماربکەین وەکئەوەی هەمیشە کردوومانە”.