بەرپرسێكی یەكێتیی مامۆستایانی كوردستان رایدەگەیەنێت، بەپێی بەدواداچوونەكانمان بڕیارە بەر لە جەژنی قوربان مووچەی سەرجەم وەزارەت و دەستەكان بدرێت، هاوكات بەپێی ئەو زانیارییانەی بە تۆڕی میدیایی ئێستا دراون، بۆ دابەشكردنی مووچە چاوەڕوانی ناردنی پارەكەی بەغداد كراوە.
ئەمڕۆ یەكشەممە، ئەنجومەنی وەزیرانی حكومەتی عێراق بڕیاریدا 400 ملیار دینار بخاتە سەر هەژماری تایبەت بە هەرێمی كوردستان.
عەتا ئەحمەد جێگری سەرۆكی رێكخراوی یەكێتیی مامۆستایانی كوردستان لە لێدوانێكدا بە تۆڕی میدیایی ئێستای راگەیاند، بڕیاربوو سەرەتای ئەم هەفتەیە دەست بە دابەشكردنی مووچە بكرێت، بەڵام بە بیانووی نەناردنی پارەكەی بەغدادەوە دابەشكردنی مووچە دەستیپێنەكرد.
ئاشكراشیكرد، بەپێی بەدواداچوونەكانمان بڕیارە بەر لە جەژنی قوربان مووچەی سەرجەم مووچەخۆران بدرێـت.
هاوكات سەرچاوەیەك كە قسەی بۆ تۆڕی میدیایی ئێستا كردووە رایگەیاند، دەبووایە لەم هەفتەیەوە بانكەكان لە دابەشكردنی مووچە ئاگاداربكرێنەوە و بەڵام چاوەڕوانی گەیشتنی پارەكەی بەغداد كراوە و هەرچەندە بڕێك لە داهاتی ناوخۆ بۆ مووچەی مانگی ئایار لەبەردەستدایە.