دوکەڵی ئاگرەکەی کەنەدا ئەمریکا ون دەکات و هۆشداری دەدرێتە ملیۆنان کەس

نزیکەی 13 ویلایەتی کەناری ڕۆژهەڵات لە ئەمریکا هۆشدارییان داوەتە هاوڵاتییەکانیان بۆ خراپبوونی کوالێتیی هەوای ویلایەتەکانیان و ملیۆنان کەس ئاگادارکراونەتەوە، ئەوەش بەهۆی ئەو ئاگرەی لە دارستانەکانی کەنەدا کەوتووەتەوە.

خزمەتگوزاریی کەشوهەوای نیشتمانی ئامۆژگاریی ئەمریکییەکانی رۆژهەڵاتی وڵاتەکەی دەکات کە چاودێریی کوالێتیی هەوای ناوخۆیی بکەن پێش ئەوەی بچنە دەرەوە بۆ کاتبەسەربردن، چونکە کوالێتیی هەوا لە زۆربەی ناوچەکانی باکووری رۆژهەڵات خراپبووە، بەهۆی ئەوەی دوکەڵی ئاگرکەوتنەوەی دارستانەکان لە کەنەدا بەرەو باشوور دەڕوات.

بەپێی خەمڵاندنەکان 55 ملیۆن ئەمریکی بەهۆی دوکەڵی ئاگرکەوتنەوەکانی کەنەدا ژینگەی هەناسەدانیان پیسبووە.

توێژەران ترسی ئەوەیان هەیە کە گەردیلە بچووکەکانی دوکەڵ کە بە “PM2.5” ناسراوە، زیان بە کۆئەندامی هەناسەدانی مرۆڤەکان بگەیەنێت.

ئەم گەردیلانە لە سەرچاوەی وەک سووتانی سووتەمەنیی بەردینی و زریانی تۆز و ئاگرکەوتنەوەی دارستانەکان سەرچاوە دەگرن و کۆمەڵێک کێشەی تەندروستی وەک تەنگەنەفەسی و نەخۆشییەکانی دڵ و نەخۆشییەکانی تری هەناسەدان دروستدەکەن.

بەرپرسانی ئەو وڵاتە رایانگەیاندووە، بەهۆی دوکەڵی ئاگری دارستانەکانی کەنەداوە لە مەودایەکی کورتدا، کوالێتیی هەوا و مەودای بینین دەگۆڕێت.

هەروەها هەندێک لە بەرپرسانی شارەکان جەختیانکردووەتەوە، ئەگەر بۆنی دوکەڵ بکەن و تەمومژ هەست پێبکەن ئەوە هەوای ناوچەکەیان پیس بووە و پێویستە دەستبکەن بە خۆپارێزی.

ویلایەتی نیویۆرک زۆرترین پشکی لە هۆشدارییەکانی لە پیسبوونی هەوا بەرکەوتووە، سەرۆکی شارەوانیی شاری نیویۆرک ئامۆژگاریی دانیشتووانی شاری نیویۆرکی کرد کە نەچنە دەرەوە مەگەر زۆر پێویست نەبێت.

تا ئێستا 10 ناوچەی خوێندن لە سەرانسەری ویلایەتەکەدا چالاکییەکانی دەرەوە و کۆبوونەوەکانیان بۆ قوتابخانەکانیان هەڵوەشاندووەتەوە، لەنێویاندا پشووەکانی دەرەوە و وانە وەرزشییەکان.

ئیریک ئادەمز، سەرۆکی شارەوانی شاری نیویۆرک پێشتر رایگەیاند کە دەکرێت لە ئەمرۆدا کوالێتیی هەوا کەمێک باشتر بێت، بەڵام بەپێی وێنە مانگە دەستکردەکان کە دوکەڵی چڕ نیویۆرک و بەشێکی زۆری باکووری رۆژهەڵاتی داپۆشیوە، زیاتر تێکچووە.

ئادەمز وتی، خەڵکی نیویۆرک پێویستە چالاکییەکانی دەرەوە سنووردار بکەن، ئاماژە بەوە دەکات کە منداڵان و بەساڵاچووان و ئەو کەسانەی کێشەی دڵ یان هەناسەدانیان هەیە، لەوانەیە تووشی کێشە بن و باشترە خۆیان لە چوونە دەرەوە بەدوور بگرن.

شارەزایان پێشبینی دەکەن تا ئێوارەی پێنجشەممە بارودۆخی دەوروبەری شاری نیویۆرک باشتر بێت، بەڵام لە رۆژئاوای نیویۆرک، پێنسیلڤانیا، ڤێرجینیا و ڤێرجینیای رۆژئاوا خراپتر دەبێت.

کەنەدا شایەتحاڵی یەکێک لە خراپترین سەرەتاکانی ئەم وەرزە بووە لە ئاگرکەوتنەوە، کە تا ئێستا زیاتر لە 6.7 ملیۆن دۆنم زەوی لەدەستداوە، هەروەها نزیکەی 14 هەزار کەسی ناچارکردووە ماڵ و ناوچەکانیان چۆڵ بکەن.

بابەتی پێشتر

ئەمڕۆ دەنگ لەسەر بودجەی سێ ساڵی عێراق دەدرێت

بابەتی دواتر

لە رووداوێکی هاتوچۆدا کەسێک گیانیلەدەستدا

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share