بافڵ جەلال تاڵەبانی: لە هەوڵی بەردەوامدا دەبین تاوەکو هێزەکانی دژەتیرۆر فراوانتر و بەهێزتر بکرێت

بافڵ جەلال تاڵەبانی رایگەیاند، لەگەڵ هاوپەیمانەکانمان لە هەوڵی بەردەوامدا دەبین تاوەکو هێزەکانی دژەتیرۆر فراوانتر و بەهێزتر بکرێت تاوەکو قەڵغانێکی پتەوتر بن بۆ پاراستنی کوردستان.

بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئەمڕۆ دووشەممە لەگەڵ وەهاب هەڵەبجەیی، بەڕێوەبەری گشتیی دژەتیرۆر و ژمارەیەک لە فەرماندەکانی دژەتیرۆر کۆبووەوە و لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا بەڕێوەبەری گشتیی دژەتیرۆر پلان و ستراتیژی هەواڵگری و سەربازیی داهاتووی بەڕێوەبەرایەتییەکەی بۆ پاراستنی هەرێم، رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و هەماهەنگی لەگەڵ هێزە عێراقییەکان و هاوپەیمانان خستەڕوو و جەختی لە بەردەوامی ئۆپەراسیۆن و هەوڵەکانیان کردەوە بۆ پاراستنی سەقامگیریی ناوچەکە.

هەر لە کۆبوونەوەکەدا بافڵ جەلال تاڵەبانی سوپاس و پێزانینی ئاڕاستەی هێزەکانی دژەتیرۆر کرد وەک یەکەم هێزی دژەتیرۆر لە کوردستان و هەوڵەکانیان لەپێناو رووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستان و شکستپێهێنانی چەندین پیلان بۆ تێکدانی ئاسایشی هەرێم.

راشیگەیاند، “ئێوە نموونەی فەرماندەی دڵسۆز و بەئەمەکی کوردستانن و مێژوویەکی پڕ لە شانازیتان تۆمارکردووە، چالاکییەکانتان لەپێناو پاراستنی سەقامگیریی هەرێم و خەڵکە خۆشەویستەکەی، گەواهیدەری دڵسۆزی و ماندوونەناسیی ئێوەیە”.

جەختیشیکردەوە، “لەگەڵ هاوپەیمانەکانمان لە هەوڵی بەردەوامدا دەبین تاوەکو هێزەکانی دژەتیرۆر فراوانتر و بەهێزتر بکرێت و قەڵغانێکی پتەوتر بن بۆ پاراستنی کوردستان”.

لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا سەرۆکی یەکێتی خەڵاتی رێزلێنانی پێشکەشی بەڕێوەبەرایەتی دژەتیرۆر کرد لە بەرامبەر هەوڵ و قوربانیدانەکانیان لەپێناو خاکی کوردستان و سەرفرازیی خەڵکەکەیدا.

بابەتی پێشتر

گەنجێکی زاخۆ دوای حەوت رۆژ ونبوونی بە برینداری دۆزرایەوە

بابەتی دواتر

ئەمڕۆ رۆژی جیهانی ژینگەیە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share