بەغداد.. باندێكی بازرگانیكردن بە مرۆڤ دەستگیركران و منداڵێك لە فرۆشتن ڕزگاركرا

لە بەغداد ئەندامانی باندێكی بازرگانیكردن بە مرۆڤ دەستگیركران و هێزە ئەمنییەكان منداڵێكیان لە فرۆشتن ڕزگاركرد.

وەزارەتی ناوخۆی عێراق ئەمڕۆ دووشەممە 21ی كانونی یەكەم ڕایگەیاند، لە دوو چالاكیدا ژمارەیەك كەسیان دەستگیركردووە كە ئەندامی باندێكی بازرگانیكردن بە مرۆڤەوە  بوون.

وەزارەتەكە ڕاگەیاندراوێكی بڵاوكردووەتەوە و ئاشكرایكردووە، “لە ناوچەی كەڕادە چەند كەسێكیان دەستگیركردووە كە یەكێكیان ژنێك بووە و سەرگەرمی فرۆشتنی منداڵێك بوون. لە بۆسەیەكی تریشدا دوو كەسیان لە خۆرهەڵاتی بەغداد دەستگیركردووە كە ئەندامانی هەمان باندن و كاریان كەمەندكێشكردن و ڕفاندنی قوربانییەكان بووە.”

بە گوێرەی ڕاگەیاندراوەكە، باندەكە بە پاساوی چارەسەركردنی نەخۆش لە هەولێر و هندستان، قوربانییەكانیان دەڕفاند و دواتر دەیانفرۆشتن.

كۆمسیۆنی باڵای مافی مرۆڤ لە عێراق دەڵێت، “تەنها لەمساڵدا 300 تاوانی بازرگانیكردن بە مرۆڤ لە عێراق ئەنجامدراون. ئەوانەشی بازرگانییان پێوەدەكرێت مەبەست لە فرۆشتنیان بۆ دەرۆزەكردن (سواڵكردن) یان فرۆشتنی ئەندامانی جەستەیانە، یاخود بەكارهێنانیانە لە كاری چێژفرۆشیدا.”

ماوەیەك لەمەوبەر ئەندامانی باندێك لە بەغداد دەستگیركران كە لەوكاتەدا كچێكی مێردمنداڵیان بە چوار هەزار دۆلار دەفرۆشت.

بابەتی پێشتر

كەسە نزیكەكانی زانیاریی نوێ لەسەر سلێمان هەڵشۆیی ئاشكرادەكەن

بابەتی دواتر

كوردستان.. بەڕێوبەرێكی گشتی گۆڕدرا

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share