كەسە نزیكەكانی زانیاریی نوێ لەسەر سلێمان هەڵشۆیی ئاشكرادەكەن

سلێمان هەڵشۆیی

برایەكی سلێمان هەڵشۆیی دەڵێت، ئەوان وەك برا و كەسە نزیكەكانی هیچیان پارەیان بۆ بەشداری لە مامەڵەكانی براكەیان نەكردووە و ئێستاش هیچ پارە و موڵكێكی لەدوای خۆی جێنەهێشتووە، ئامۆزایەكیشی دەڵێت، زۆر كەس بۆ بینینی تەكلیفیان كردووە و تەنانەت بۆ چونە ژوەرەوەش بلیت هەبووە، زۆر جار بلیتی ژمارەكانی پێشەوە بە پارە كڕدراوەتەوە.

دۆسیەی سلێمان هەڵشۆیی، ئەو گەنجەی بەناوی بازرگانییەوە موڵك و سامانی لە خەڵك بەناوی قازانج و زیادكردنی وەرگرتووە، تادێت دەنگدانەوەی زیاتر بەدوای خۆیدا دەهێنێت.

ڕزگار هەڵشۆیی برای ئەو گەنجە ئەمڕۆ دووشەممە 21ی كانونی یەكەم بە تۆڕی میدیایی ئێستای وت، ئەوان خۆیان براكەیان ڕادەستی ئاسایش كردووە بەمەبەستی یەكلاكردنەوەی دۆسیەكەی و سەلامەتی گیانی.

وتیشی، پێشتر براكەی لە سێ شوێنی جیاجیا مامەڵەی لەگەڵ خەڵك كردووە كە لەهەر شوێنێك كەسانێكی هەبوون كە ئیشەكانیان بۆ ڕاییكردووە.

ئەوەشی وت، تەنانەت لەكاتی هاتوچۆ و گەڕانی بۆ شار و ناوچەكان و بۆ حساب و پارەكانیش دوو تا سێ كەسی بە بەردەوامی لەگەڵ بووە.

ڕزگار ئەوەشی ئاشكراكرد كە نە خۆی و نە هیچ لە براكانی هیچ پارە و سامانێكیان ڕادەستی براكەیان نەكردووە و بەشداری ئەو مامەڵانەیان نەكردووە كە سلێمان ئەنجامیداون.

بەپێی وتەی ئەو پێشتر براكەیان كرێچی بوو و بە كرێی ڕۆژانە كاری كردووە، بەڵام پاش دەستكردنی بەو مامەڵانە باری ژیان و گوزەرانی گۆڕانكاری بەسەرداهاتووە.

سلێمان هەڵشۆیی خێزاندارە و خاوەنی سێ منداڵە، بەپێی وتەی براكەی هیچ موڵك و سامانێكی لەدوای خۆی جێنەهێشتووە.

هاوكات ئەبوبەكر هەڵشۆیی ئامۆزای سلێمان هەڵشۆیی بە تۆڕی میدیایی ئێستای وت، زۆر كەس تەكلیفیان لێكردووە كە سلێمان پارە و موڵكەكانیان لێوەربگرێت.

وتیشی، “تەنانەت بۆ چونە ژوەرەوە و بینینی بلیت هەبووە، زۆر جار بلیتی ژمارەكانی پێشەوە بە پارە كڕدراوەتەوە”

سەبارەت بە جۆری مامەڵەكانیشی ئەوەی خستەڕوو، ئەو كەسانەی ئیشیان لەگەڵ دەكرد، ئۆتۆمبێل یان كەلوپەلەكانیان لێوەردەگرتن و دەیانخەمڵاند، دواتریش ئەو كەسەیان دەبردە لای سلێمان و ئەویش لەسەر وەسڵێك بڕی پارەكە و بڕی قازانجەكەی پاش ماوەی سێ یان چوار مانگ بۆ دیاریدەكردن.

بەپێی وتەی ئەو ئامۆزایەی هەموو كەسێك لەو مامەڵەیە زیانیان نەكردووە، بەڵكو خەڵكانێك هەبوون كە قازانجیان كردووە و نمونەی ئەوەشی هێنایەوە كە هاوڕێیەكی خۆی بڕی یەك دەفتەر و نیو پارەی بۆ بردووە و پاش چەند جارێك بەشداری لە مامەڵەكانیدا وتویەتی كە بووەتە خاوەن 9 دەفتەر دۆلار.

ئەوەشی خستەڕوو، براكانی سلێمان هەڵشۆیی بەشداری مامەڵەكانیان نەكردووە لەكاتێكدا برای هەیە بە مانگانەی 200 هەزار دینار ئیش دەكات، برای دیكەی هەیە بە ماتۆڕ دەچێتە ڕانیە و ڕۆژانە بە بڕی 20 هەزار دینار كاری لەبغ دەكات، برایەكی دیكەشی بە پارەی قەرز نەشتەرگەری بۆ خۆی ئەنجامداوە.

بابەتی پێشتر

سەركردەیەكی شیعە ڕەخنەی توند لە شیعەكانی عێراق دەگرێت

بابەتی دواتر

بەغداد.. باندێكی بازرگانیكردن بە مرۆڤ دەستگیركران و منداڵێك لە فرۆشتن ڕزگاركرا

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

کەشوهەوای سبەینێ چۆن دەبێت؟

بەڕێوەبەرایەتیی کەشناسیی هەرێم رایگەیاند، ئەمڕۆ و سبەینێ بارانبارین بەردەوام دەبێت. بەڕێوەبەرایەتیی کەشناسیی و بومەلەرزەزانیی هەرێم بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ دووشەممە…
Total
0
Share