وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی سلێمانی رایدەگەیەنێت، لە سبەینێوە كامێراكانی پۆینت تو پۆینت لەسەر رێگای سەرەكی تاسڵوجە – دوكان سزاكان تۆماردەكەن و دەشڵێت، “شۆفێر كە سەرپێچی بكات و لە كامێراكان دەدات بەرزترین غەرامەی بۆ تۆماردەكرێت”.
لە 21ی ئایارەوە كامێراكانی تیژڕەویی پۆینت تو پۆینت كەوتنەكار كە ژمارەیان 24 كامێرایە لە تاسڵوجەوە تا دەگاتە قەزای دوكان جێگیردەكرێن، بۆ ماوەی هەفتەیەك بە شێوەی ئەزموونی بوو سزا تۆمارنەدەكرا و لە سبەینێوە سزاكان تۆماردەكات.
بەهمەن عەبدوڵا وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی پارێزگای سلێمانی لە لێدوانێكدا بە تۆڕی میدیایی ئێستای راگەیاند، كامێرای پۆینت تو پۆینت بەرزترین سزا لەسەر شۆفێران تۆماردەكات و ئەگەر شۆفێر لە چەند كامێرایەك بدات هەمووی ئەژمارناكرێت، بەڵكو بەرزترین غەرامە تۆماردەكات.
ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد، كەمترین سزای شۆفێران لە كامێرای پۆینت تو پۆینت 70 هەزار و زۆرترین سزاش 250 هەزار دینارە”.