خالد شوانی لەبارەی زیندانییان و گرتووخانەكانەوە بڕیاری دا

خالد شوانی وەزیری دادی عێراق دەڵێت، “دۆخی گرتووخانەكان باشدەكەین و بنەماكانی مافی مرۆڤ پەیڕەودەكەین”.

ئەمڕۆ یەكشەممە جان جیرۆم سەرۆكی نێردەی لیژنەی نێودەوڵەتیی خاچی سوور لە عێراق و شاندی هاوڕێی، سەردانی وەزارەتی دادیان كردووە و بەپێی راگەیەندراوی وەزارەتەكە، لە كۆبوونەوەیەكدا لەگەڵ شاندەكە، خالد شوانی وەزیری دادی عێراق رایگەیاندووە، كارنامەیەكی گشتگیری تەواوكارییان ئامادەكردووە بۆ باشكردنی دۆخی گرتووخانەكانی چاكسازی و راهێنانی كارمەندەكانیان.

“وەزارەت كارنامەیەكی ئامادەكردووە بۆ ئەوەی گرتووخانەكانی چاكسازی بەپێی پێوەرە نێودەوڵەتییەكان بن و گرێبەست لەگەڵ پزیشكاندا دەكەین و بەپێی بنەماكانی مافی مرۆڤ، پێداویستیی پزیشكی و دەرمان بۆ زیندانییان دابیندەكەین”، خالد شوانی ئەمەی وتووە و جەختیشیكردووەتەوە لەوەی كە هەوڵدەدەن پڕۆژەیاسای تایبەت بە گرتووخانەكان و زیندانییان ئامادەبكەن.

وەك راگەیەندراوی وەزارەتی داد ئاشكرایكردووە، شاندی لیژنەی نێودەوڵەتیی خاچی سوور لە كۆبوونەوەكەدا رایگەیاندووە، پشتیوانیی هەوڵەكانی وەزارەتی داد دەكەن لە بوارەكانی پەیڕەوكردنی مافی مرۆڤ لە بوارەكانی تەندروستی و مرۆیی لە گرتووخانەكاندا.

بابەتی پێشتر

بۆلۆنیا 2-2 ناپۆلی

بابەتی دواتر

رێژەی 66.7%ی دەنگەكان جیاكرانەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share