عەلی حەمەساڵح لەبارەی كۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی دادوەری دەڵێت، زۆر ناخۆشە دادوەر بیت و یاسا شکێنیت پێبکەن.
عەلی حەمەساڵح، ئەندامی دەستلەكاركێشاوەی پەرلەمانی كوردستان كۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی دادوەریی هەرێم بە نایاسایی ناودەبات و دەڵێت، نیسابی یاسایی شەش ئەندامە، پێنج ئەندام ئامادەی كۆبوونەوەكە بووە. كەواتە لەڕووی یاساوە نابێت.
دەشڵێت، “زۆر ناخۆشە دادوەر بیت و یاسا شکێنیت پێبکەن!”.
بڕیاربوو ئەمڕۆ ئەنجومەنی دادوەریی هەرێم كۆبوونەوەیەك ئەنجامبدات بەمەبەستی سوێندخواردنی دوو كەس (کە متمانەی پەرلەمانیان وەرنەگرتووە وەک کۆمسیار) بۆ كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و راپرسیی هەرێم، بەپێی ئەو نوسراوەی “بە نایاسایی و ناپەیڕەویی” لەلایەن هێمن هەورامی، جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستانەوە ئاراستەی ئەنجومەنەكە كرابوو.
بەپێی زانیارییەكانی تۆڕی میدیایی ئێستا دوای دووجار بانگێشت بۆ كۆبوونەوە، تەنها پێنج دادوەر ئامادەبوون، لەكاتێكدا رێژەی ئامادەبوونی یاسایی پێویستە شەش دادوەری ئەندام بێت لە ئەنجومەنەكە.
هەر بەپێی زانیارییەكان سەرەڕای ئامادەنەبوونی رێژەی یاسایی، فەرمان بە ئەنجومەنەكە كراوە دانیشتن ئەنجامبدات و تیایدا ئەو دوو كەسەی لە نوسراوەكەی جێگری سەرۆكی پەرلەماندا ناویان هاتووە و متمانەی پەرلەمانیان وەرنەگرتووە وەک کۆمسیار، وەك ئەندامی نوێی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن و راپرسیی هەرێم سوێندی یاساییان خواردووە.
بەپێی یاسای ئەنجومەنی دادوەری بە ئامادەبوونی شەش دادوەر رێژەیی یاسایی بەدەستدێت و ئەنجومەنەكە دەتوانێت كۆبوونەوە ئەنجامبدات.