بڕیار رەشید: بەپارێزگابوونی هەڵەبجە پێویستی بە رێككەوتنی سیاسی هەیە

پەرلەمانتارێكی كورد ئاماژە بە رێگرییەكانی بەردەم بەپارێزگابوونی هەڵەبجە دەكات و دەڵێت، پێویستی بە رێككەوتنی سیاسی هەیە.

بڕیار رەشید، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراكسیۆنی یەكێتی رایگەیاند، تائێستا گفتوگۆكانیان لەسەر پرسی دەنگدان بە پرۆژەیاسای بەپارێزگابوونی هەڵەبجە بەردەوامە و پێدەچێت ئەمڕۆش ئەو بڕگەیە تێنەپەڕێت.

وتیشی، “وەک فراکسیۆنە کوردییەکان دەتوانین بایکۆتی کۆی دانیشتنەکە بکەین و دانیشتنەکانی ئەنجومەنی نوێنەران پەکبخەین، ئەگەر یەکگرتوو بین”.

ئەو پەرلەمانتارە پێشیوایە دەنگدان و تێپەڕاندنی پرۆژەكە یاساكە “پێویستی بە رێکكەوتنی سیاسی هەیە لە نێوان لایەنە سیاسییەکانی هەرێم و بەغداد”.

بڕیاربوو ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە دانیشتنی ئەمڕۆیدا دەنگ بە پرۆژەیاسای بەپارێزگاكردنی هەڵەبجە بدات، بەڵام تائێستا دانیشتنەكە بەهۆی تەواونەبوونی نیسابی یاساییەوە ئەنجامنەدراوە.

پێشتر كاروان یاروەیس، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراكسیۆنی یەكێتی بە تۆڕی میدیایی ئێستای رایگەیاند، “تەنها پەرلەمانتارانی کورد ئامادەن، ئەویش سەرجەم پەرلەمانتاران نا”.

وتیشی، “هێشتا دژەکانی تێپەڕاندنی یاسای بەپارێزگابوونی هەڵەبجە وەک خۆیەتی و فشارەکان بۆ دەرهێنانی بڕگەی سێیەمی کارنامەی دانیشتنی ئەمڕۆی ئەنجومەنی نوێنەران کە تایبەتە بە دەنگدان بۆ پەسەندکردنی یاسای بەپارێزگابوونی هەڵەبجە بەردەوامە”.

بابەتی پێشتر

رەنگین عەبدوڵا: ئازادییەکی زۆر بۆ گفتوگۆکردن لەم کۆنگرەیەدا هەیە

بابەتی دواتر

پەرلەمانی عێراق دەنگدانی لەسەر پڕۆژەیاسای بە پارێزگابوونی هەڵەبجە دواخست

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share