بەڕێوبەرایەتیی مادە هۆشبەرەکانی هەرێمی کوردستان، ئاشکرایکرد کە دوێنێ یەکشەممە 20ی کانونی یەکەم، لە حاجی ئۆمەران دەستگیرا بەسەر 41 کیلۆگرام مادەی هۆشبەری جۆری تلیاکدا.
لە ڕاگەیەنراوێکدا بەڕێوبەرایەتیی گشتیی نەهێشتنی مادە هۆشبەرەکانی هەرێم ڕایگەیاند، “لەلایەن بەڕێوبەرایەتیی ئاسایشی حاجی ئۆمەران دەستگیرا بەسەر بڕی 41 کیلۆگرام مادەی هۆشبەر لە جۆری (تلیاک)دا، کە لە ناو داشبوولی ئۆتۆمبێلێکدا حەشاریاندابوو”.
لە راگەیەنراوەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە کە ئەو کەسانە بەنیازبوون ئەو بڕە تلیاکە بهێننە ناوەوەی هەرێمی کوردستان، تۆمەتبارێکیش بە ناوی (ر. م. ع) دەستگیرکراوە کە خەڵکی ئێرانە.
ڕاگەیەنراوەکە دەڵێت، “بە هاوکاری بەڕێوبەرایەتیی ئاسایشی سەلاحەدین تۆمەتبارێکی پەیوەندیدار بە هەمان دۆسیە بەناوی (ت. ش. ب) دەستگیربکرێت کە خەڵکی هەرێمی کوردستانە”.
ڕاشیگەیاندووە، تۆمەتبارەکان بە مادەی 14ی مادە هۆشبەرەکان دەستگیرکراون و پەڕاوی لێکۆڵینەوەیان بۆ کراوەتەوە.