ئینستتیوتی پەی: پەرلەمانی كوردستان بە بارمتەگیراوە

ئینستتیوتی پەی هەوڵی ئەمڕۆی جێگری سەرۆكی پەرلەمان بە ناپەیڕەوی ناودەبات و دەشڵێت، ئەو ژمارە پەرلەمانتارەی باسیدەكات لەناو هۆڵی پەرلەماندا نەبووە.

ئینستتیوتی پەی بۆ پەروەردە و گەشەپێدان لە راگەیەندراوێكدا دەڵێت، ئەمڕۆ لە بارودۆخێكی ناهەمواردا، پەشێوی و گرژی پەرلەمانی گرتەوە، لە دەرەوەی پەیرەو و یاساكاندا هەڵسوكەوتی لەگەڵدا كرا. جێگەی داخە ئەم دامەزراوە گرنگە لەلایەن هێزە باڵادەستەكانەوە بەجۆرێك بەبارمتە گیراوە، لەبری ئەوەی رۆڵ بگێڕێت لە چارەسەریی پرسە نیشتیمانیەكان و بەدامەزراوەییكردنی هەرێمدا.

دەشڵێت، “لە گوتاری سیاسی هیچ كام لە لایەنەكاندا ئەوە نابینرێت كە دژ بە ئەنجامدانی هەڵبژاردن بن، بەڵام لە هەمان كاتدا لە كرداریاندا هیچ هەنگاوێك نەبینراوە كە جددی بن لەسەر ئەنجامدانی پرۆسەكە”.

ئینستتیوتی پەی كە رێكخراوێكی تایبەت بە چاودێریی كارەكانی پەرلەمانە لە بارەی دانیشتنەكەی ئەمڕۆوە ئەوەی خستەڕوو، بەشێوازێكی كۆمیدیانە مێژوویان دووبارە كردەوە. هەر لە دانانی بەرنامەی كار و زیادكردنی بڕگەیەك بەبێ رەزامەندی سەرۆك، تا دەگاتە شێوازی بەڕێوەچوونی دانیشتنەكە كە ئاژاوە و پەشێوی باڵی بەسەردا كێشابوو، لەلایەكی تریشەوە لە كەشێكی گوماناویدا، دوای دواخستن و هەڵگرتنی دانیشتنەكە لەلایەن سەرۆكەوە، بەمەبەستی تێپەڕاندنی بابەتەكە لەلایەن جێگری سەرۆكەوە لەبارێکی نائارامی دەرەوەی پەیڕەودا، درێژە بە دانیشتنەكە دەدرێت و رایدەگەیەنێت گوایە بە دەنگی (58) ئەندام كۆمسیۆنیان كاراكردۆتەوە، لەكاتێكدا ئەو ژمارەیەی رایگەیاند لەگەڵ راستیدا وێك نایەتەوە، چونكە ئەوەندە ئەندامە لەنێو هۆڵدا لەگەڵ بابەتەكە نەبوون!

دەقی راگەیەندراوەكە:

پەرلەمانی كوردستان دامەزراوەیەكی بە بارمتەگیراو

لە (31)ەمین ساڵیادی یەكەم هەڵبژاردنی هەرێمی كوردستان، ئەمڕۆ لە بارودۆخێكی ناهەمواردا، پەشێوی و گرژی پەرلەمانی گرتەوە، لەدەرەوەی پەیرەو و یاساكاندا هەڵسوكەوتی لەگەڵدا كرا. جێگەی داخە ئەم دامەزراوە گرنگە لەلایەن هێزە باڵادەستەكانەوە بەجۆرێك بەبارمتە گیراوە، لەبری ئەوەی رۆڵ بگێڕێت لە چارەسەریی پرسە نیشتیمانیەكان و بەدامەزراوەیی كردنی هەرێمدا، كەچی لایەنێك بۆ وەدەستخستنی دەسكەوتە بچوكە حزبیەكانی بەكاری دەهێنێت و ئەوەی تریشیان هەركات بیەوێت بەئارەزووی خۆی پەكی دەخات. دوای (31) ساڵ ئەزموون، دەبوایە ئێستا ئەم پەرلەمانە لەهەڕەتی بەهێزی و گەشەسەندنیدا بوایە نەك بەم شێوازە ئەتك و بێبایەخ بكرێت.
بەپێی یاسا دەبوایە لە ئەیلولی ساڵی 2022 هەڵبژاردن بۆ خولی شەشەمی ئەنجامبدرێت، كەچی لە دانیشتنی رۆژی (9/10/2022) پەرلەمان بە یاسایەك “تا كۆتایی وەرزی یاسادانانی پایزەی ساڵی 2023” تەمەنی خۆی درێژكردەوە و هەڵبژاردنی دواخست، بۆ درێژكردنەوەكە چەند بیانوێكی هێناوەتەوە، وەك: رێگری كردن لە دروستبوونی بۆشایی یاسایی، گەرەنتیكردنی پاراستنی بەرژەوەندییە گشتییەكان، تەواوكردنی ڕێكسازییە یاسایی و كارگێڕی و هونەرییەكانی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی، دەستەبەركردنی تۆماری بایۆمەتری پاك و بێگەرد ڕەخساندنی ژینگەیەكی سیاسی لەبار بۆ هێنانەدی یەكڕیزی و كۆدەنگی نیشتیمانی.
بەڵام لەراستیدا هۆكارە راستەقینەكانی درێژكردنەوەكە لەوكاتەدا هیچ كام لەو بیانوانە نەبوون كە لە یاساكەدا ریزكرابوون، چونكە ئەو بیانوانەی هێنرابوونەوە دەرەنجام بوون نەك هۆكار، هۆكارە هەقیقییەكان بریتی بوون لە: خراپی رەوشی جەماوەریی لایەنە سیاسییە سەرەكییەكان و ترسیان لە هەڵبژاردن كە دەنگ و كورسیەكانیان كەم بێتەوە، هەروەها ململانێی ناتەندروستیان و باوەڕ نەبوونیان بە دەستاودەستكردنی دەسەڵات. هەر ئەم هۆكارانەش بوونە مایەی ئەوەی پەرلەمان كەمتەرخەم بێت و بە ئەركەكانی هەڵنەستێت.
ئەوەبوو بینیمان دوای حەوت مانگ و نیو لە درێژكردنەوەی تەمەنی، پەرلەمان هیچ كام لەو ئەركانەی جێبەجێنەكرد، نە رێگری كرد لە دروستبوونی بۆشایی یاسایی، نە گەرەنتی پاراستنی بەرژەوەندییە گشتییەكانی پێكرا، نە ڕێكسازییە یاسایی و كارگێڕی و هونەرییەكانی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی تەواو كرد، نە تۆمارێكی بایۆمەتری پاك و بێگەردی دەستەبەر كردو نە هیچ ژینگەیەكی سیاسی لەباری رەخساند بۆ هێنانەدی یەكڕیزی و كۆدەنگی نیشتیمانی. بەپێچەوانەوە نەك هەر ئەوانەی نەكرد بەڵكو دەستەی سەرۆكایەتی ماوەیەكی زۆر دانیشتنە ئاساییەكانیشیان پەكخست.
لە گوتاری سیاسی هیچ كام لە لایەنەكاندا ئەوە نابینرێت كە دژ بە ئەنجامدانی هەڵبژاردن بن، بەڵام لە هەمان كاتدا لە كرداریاندا هیچ هەنگاوێك نەبینراوە كە جددی بن لەسەر ئەنجامدانی پرۆسەكە. بۆیە ئەوانەی بەرپرسیاری سەرەكیی هاتنەكایەی ئەم رەوشەن، پەرلەمانی كوردستان و سەرجەم لایەنە سیاسیەكانن، هەریەكەو بەپێی قورسایی خۆیان ئۆباڵە مێژووییەكەیان دەكەوێتە ئەستۆ. چونكە ئەوەی لە چەند مانگی رابردوو و بەتایبەت رەوشی دانیشتنەكەی ئەمڕۆ ڕویانداوە، لە بەڕێوەچوونی كۆمیدیایەكی سیاسی بترازێ هیچی تر نەبوو! كە هەردوو لایەنی سەرەكیی پارتی و یەكێتی لێی بەرپرسیارن! ئەگەر وانیە:
1-بۆچی بەر لە درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمان بە سازان چارەسەری گرفت و ناكۆكییەكانیان نەكرد؟ تا ماوەی درێژكراوە تەنها بۆ كارە تەكنیكییەكانی كۆمسیۆن بوایە بەمەبەستی هەڵبژاردن.
2-بۆچی پەرلەمان لە چوار ساڵی رابردوودا هیچ هەنگاوێكی نەنا بۆ كاراكردنەوەی كۆمسیۆن؟ هیچنا راستەوخۆ دوای درێژكردنەوەی تەمەنی خۆی بەرلە حەوت مانگ كۆمسیۆنی كارا نەكردەوە؟ چونكە نەنگییەكی گەورەیە بۆ پەرلەمان و لایەنە سەرەكیەكانی نوێنەریان لەو كۆمسیۆنەدا هەیە كە ماوەی چوار ساڵە بەنایاسایی بەڕێوەی دەبەن!
3-بۆچی لە چوار ساڵی رابردوودا نە پەرلەمان و نە هیچكام لە لایەنەكان بەبێ جیاوازی، هیچ هەنگاوێكیان نەنا بەمەبەستی دروستكردنی تۆمارێكی بایۆمەتریی پاك و بێگەرد؟ كەچی لەكاتی بەسەرچوودا باسی لێوە دەكەن؟
4-بۆچی پەرلەمان ئەو ماوە زۆرەی لەبەردەم بوو كاری نەكرد لەسەر سازانی لایەنەكان بۆ هەمواری یاسای هەڵبژاردن تا بەم شێوەیە بە چارەسەرنەكراوی نەمێنێتەوە؟
5-ئەگەر دوو لایەنە سەرەكییەكە مەبەستیان ئەنجامدانی هەڵبژاردن بوو! بۆچی ئەو هەموو كاتەیان لەبەردەست بوو بەفیڕۆیانداو رێكارەكانیان دەستنیشان نەكرد و هەنگاویان بۆ نەنا؟ تا وەكو ئێستا ئیحراجی بەردەم دادگای فیدراڵی نەبن لەسەر یاسایی بوون و نەبوونی هەنگاوی درێژكردنەوەكەی تەمەنی پەرلەمان؟
جگە لەمانە، ئەو دانیشتنەی ئەمڕۆ (22/5/2023) بەڕێوە چوو، بەبێ ئەوەی ئەزموون لە هەڵەو ترازانەكانی رابردوو وەربگرن، بەشێوازێكی كۆمیدیانە مێژوویان دووبارە كردەوە، چونكە ئەوەندەی دەست شكاندنەوەی نێوان هەردوو لایەنی پارتی و یەكێتی تیادا بوو، مەبەست و نیەتی چارەسەریی لێ بەدی نەدەكرا. هەر لە دانانی بەرنامەی كار و زیادكردنی بڕگەیەك بەبێ رەزامەندی سەرۆك، تا دەگاتە شێوازی بەڕێوەچوونی دانیشتنەكە كە ئاژاوەو پەشێوی باڵی بەسەردا كێشابوو، لەلایەكی تریشەوە لە كەشێكی گوماناویدا، دوای دواخستن و هەڵگرتنی دانیشتنەكە لەلایەن سەرۆكەوە، بەمەبەستی تێپەڕاندنی بابەتەكە لەلایەن جێگری سەرۆكەوە لەبارێکی نائارامی دەرەوەی پەیڕەودا، درێژە بە دانیشتنەكە دەدرێت و رایدەگەیەنێ گوایە بە دەنگی (58) ئەندام كۆمسیۆنیان كارا كردۆتەوە، لەكاتێكدا ئەو ژمارەیەی رایگەیاند لەگەڵ راستیدا وێك نایەتەوە، چونكە ئەوەندە ئەندامە لەنێو هۆڵدا لەگەڵ بابەتەكە نەبوون!
ئەوەی لە ئێستادا دەگوزەرێت دەرەنجامی خەمساردی و بێباكیی یەكێتی و غروریی پارتیە كە لەپێناو وەدەستخستنی چەند ئیمتیازێكی بچوكی حزبیانەوە هەرێمیان بەم سەرەنجامە گەیاندوە، ئەم دوو هێزە دەبێت لەو راستیە تێبگەن كە: ئەگەر لە زووترین دەرفەتدا بەخۆدا نەچنەوە و سازان لەسەر كۆی پرسەكان نەكەن، هەڵبژاردن لەوادەی دیاریكراودا ئەنجامنەدرێت و پەرلەمان بە ئەركەكانی خۆی هەڵنەستێت، لێپرسراویەتی ئەو قەیرانانەیان دەكەوێتە ئەستۆ كە رووبەرووی هەرێم دەبنەوە و زۆر دەسکەوتی گەورەتر لەدەست دەدەن، چونکە:
1-هەرێمی كوردستان دەكەوێتە بۆشایی یاساییەوە.
2-حوكمرانیی هەرێم متمانەی خۆی بەتەواوی لەسەر ئاستی نێودەولەتی لەدەستدەدات.
3-ئەزمونی هەرێم لەلایەن دۆست و هاوپەیمانەكانیەوە لەكەدارتر دەبێت.
4-سۆز و پالپشتی دۆست و هاوپەیمانەكان كەم دەبێتەوەو تێڕوانینێكی نێگەتیڤانەتر لەسەر هەرێم دروست دەبێت. بەمەش هەرێمی كوردستان وردەوردە پاڵپشتی دۆستەكانی لەدەست دەدات.
5-بڕیاری دادگای فیدراڵی سەبارەت بە نایاسایی بوونی درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمان دەردەچێت، ئەو موراعات كردنەی كراوە لە درێژكردنەوەو دواخستنی بڕیارەكە كۆتایی دێت.
6-لە ئەگەری دواخستنێكی تری هەڵبژاردندا هەرێم كێشەی بودجەو موچەی فەرمانبەرانی بۆ دروست دەبێ، چونكە عیراق لەسەر بنەمای یاسایی هەڵسوكەوت لەگەڵ هەرێم دەكات، كاتێكیش هەرێم بكەوێتە بۆشایی یاساییەوە گرفت دروستدەبێت.
بۆ ئەوەی هیچیتر تەمەنی پەرلەمان درێژ نەكرێتەوە و لەوە زیاتر ئەزمونی هەرێم لەبەر چاوی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و دۆستەكانی لەكەدارتر نەبێت، پێویستە:
1-بۆ ئەوەی لێكترازانی زیاتر دروستنەبێت، ئەركی سەرۆكی هەرێمە كە واژۆی بڕیاری كاراكردنەوەی كۆمسیۆن بەم شێوازەی ئێستا نەكات.
2-پارتی و یەكێتی بەتایبەت و لایەنەكانی تر بەگشتی، لەزووترین كاتدا كۆبوونەوەیەكی لوتكە بكەن و پێداچوونەوە بەكۆی پرسە ناكۆكەكاندا بكەن و سازانی لەسەر بكەن.
3-پەرلەمانی كوردستان لە زووترین كاتدا كۆبێتەوە، بەشێوەیەكی یاسایی كۆمسیۆن كارا بكاتەوە، یا بڕیارێك دەربكات بەوەی ئەنجامدانی هەڵبژاردنەكە بسپێرێت بە كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عیراق.
4-هەنگاوی دووەمی پەرلەمان ئەوەیە هەمواری یاسای هەڵبژاردنەكان بكات.
5-بەپێی یاساو ستاندارتی نێودەوڵەتی، هەڵسوكەوت لەگەڵ پرسی پێكهاتەكاندا بكرێت و لە كێشمەكێشمی بەكارهێنان و ئیستیغلالكردن دوور بخرێنەوە.
6-كۆی لایەنەكان و دامەزراوە فەرمییەكان ئامادەكاری بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەرد بكەن.
7-تۆماری بایۆمەتری عیراق بەكاربهێنرێت و نوێ بكرێتەوەو هەڵبژاردنی پێ ئەنجام بدرێت.
ئەگەر ئەمانە نەكرێن، سەرباری ئەو هەموو قەیرانە ناوخۆیی و دەرەكییانەی هەن، بەدڵنیاییەوە بارودۆخێكی نائاسایی تر رووبەڕووی هەرێم دەبێتەوە، لایەنە بەرپرسەكان ئۆباڵی ئەو لێپرسراوییەتییە مێژووییەیان دەكەوێتە ئەستۆ، بە پلەی یەكەمیش لەرووی یاساییەوە دەكەوێتە ئەستۆی پەرلەمانەوە، بەتایبەت لە ئیستادا كە وێرای نیگەرانیی هاوپەیمانەكانی، لەلایەن نەیارانی هەرێمەوە جولەیەك لە ئارادایە بۆ بچوككردنەوەو لەقالبدانی حوكمرانییەكەی، ئەگەر وابڕوات رۆڵی لایەنە سیاسییە سەرەكییەكان كەمتر نابێت لە نەیارەكانی. بەمەش ئۆباڵی شکستەکان و لێپرسراویەتیی مێژوویان دەکەوێتە ئەستۆ.

ئینستتیوتی پەی بۆ پەروەردەو گەشەپێدان
2023/5/22

بابەتی پێشتر

ئارسیناڵ هاتە نێو هاوکێشەی گوندۆگانەوە

بابەتی دواتر

ناوەرۆكی كۆبوونەوەی ئەمڕۆی لیژنەی دارایی سەبارەت بە بودجە ئاشكراكرا

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

بریکاری وەزارەتی تەندروستی: دۆخی دەرمان بەمشێوەیە بەردەوام بێت گرفتەکە قوڵتر دەبێتەوە

دکتۆر ڕەهێڵ فەرەیدوون بریکاری وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان لەبارەی کەمی دەرمان و پێداویستییە پزیشکییەکانەوە لە سلێمانی ڕایگەیاند، ئەگەر…
Total
0
Share