لویس ڕوبیالیس، سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئیسپانیا لەسەر دۆسییەی سوکایەتیپێکردن و ڕەگەزپەرستی بەرامبەر ڤینیسیۆز جونیۆر هەڵوێستێکی توندی نیشاندا.
ڕوبیالیس لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا وتی، “بابەتی ڤینی و ڕەگەزپەرستی ڕەهەندێکی دیکەی گرتووە، خەریکە لە تۆپی پێ تێدەپەڕێت، لە وڵاتی ئێمەدا کێشەیەک لە بابەتی ڕەفتار و پەروەردە و ڕەگەزپەرستیدا هەیە، چونکە کەسێک بەهۆی بارودۆخ و ڕەنگی پێستییەوە سوکایەتی پێدەکرێت، کێشەکە جدییە و گرنگ نییە کەسێک و دووان یان گرووپێک و دووان ئەم کارەیان کردبێت، ئەوەی ڕوودەدات شارێک، یاخود وڵاتەکەمان تێوەدەگلێنێت.”
هەروەها دەڵێت، “ئەوەی ڤینی دەیکات وا دەردەکەوێت کە ڕاستە و لەسەر حەقە، ناکرێت ڕەفتارەکانی پێوانە بکەین بە هەڵەی ناوبژیوانان و کێشە ئەوەیە ئەگەر ئێمە بڵێین کێشەیەک لەئارادا نییە، کەم وڵات هەیە وەک ئیسپانیا سەرسامبێت بە تۆپی پێی بەڕازیل و هەزاران یاریزانی ئەو وڵاتە لە وڵاتی ئێمەدا یارییانکردووە، داوا لە فیدراسیۆنی بەڕازیلیش دەکەم لەلایەن خۆیانەوە هەڵوەستە بکەن، وتەکانی سەرۆکی ڕایەڵەی یانەکانیش لەبیربکەن کە چووەتە نێو کێشەی یاریزانێکەوە هێرشی کراوەتەسەر.”
سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئیسپانیا جەخت لە سزادانی یانەی ڤالێنسیا دەکاتەوە و دەڵێت، “پێویستمان بە یەکگرتوویی و هەڵوێست هەیە، داوای پابەندبوون لە یانەکان دەکەم، داواش دەکەم لەم بوارەدا سزاکان دوانەخرێن و توند و یەکلاکەرەوەبن وەک ئەوەی لە ئینگلتەرا ڕوودەدات، دووبارە سەرسامبوونی خۆم بۆ تۆپی پێی بەڕازیل دووپاتدەکەمەوە.”