كەشناسیی سلێمانی دەڵێت، لە 24 كاتژمێری رابردوودا 47 ملیم باران باریووە و كۆی گشتی بارانیش لەمساڵدا گەیشتە 781 ملیم.
ئاسۆ كەمال، بەڕێوەبەری كەشناسی و بومەلەرزەزانیی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی ئێستای راگەیاند، بەهۆی ئەو شەپۆلەی رووی لە ناوچەكە كردووە، لەماوەی 24 كاتژمێری رابردوودا 47 ملیم باران لە سلێمانی باریووە.
وتیشی، “كۆی گشتیی بارانبارین لەمساڵدا گەیشتە 781 ملیم، ساڵی رابردوو تا ئەمكاتە 433 ملیم باران باریبوو”.
كەشوهەوای ئەمڕۆ بە ناجێگیری دەمێنێتەوە وەك ئەوەی ئاسۆ كەمال ئاماژەی پێدا و روونیكردەوە، ئەگەری نمەباران تا تاوەباران لە كات و شوێنی جیاجیا هەیە، پلەكانی گەرماش بەجێگیری دەمێننەوە كە لە نزمیدایە بەراود بە تێكڕاییەكانی بۆ ئەم مانگە.
ئەوەشی خستەڕوو، سبەی لە كاتەكانی پاش نیوەڕۆوە كەشوهەوا بەرەو جێگیربوون دەڕوات، ئاسمان ساماڵ و پەڵە هەور دەبێت و پلەكانی گەرماش بەشێوەیەكی پلەپلە روو لە بەرزبوونەوە دەكەن.