مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق دەڵێت، “دەرماڵەی فەرمانبەران كەمناكەینەوە.”
كاربەدەستێكی حكومەتی عێراق لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانییدا ئاشكرایكرد، “مستەفا کازمی سەرۆکوەزیران قایل نییە بە كەمكردنەوەی دەرماڵەی فەرمانبەرانی ئاسایی لە ساڵی داهاتوودا.”
ئەمڕۆ یەكشەممە 20ی كانونی یەكەم، ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق لەبارەی ڕەشنووسی پرۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2012ـەوە گفتوگۆیكرد، بە گوێرەی سەرچاوەكە، لە كۆبوونەوەكەدا پێشنیاركراوە دەرماڵەی فەرمانبەرانی ئاسایی (پلە نزمەكان) كەمبكرێتەوە لەپێناو كەمكردنەوەی بڕی كورتهێنانی بودجە، بەڵام مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق دژی ئەو پێشنیارە بووە و پێی قایل نەبووە.”
هەر ئەمڕۆ بەگوێرەی ڕاگەیاندراوی نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆكوەزیران، مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاندووە، “هیچ لایەنێک راستگۆیانە مامەڵە لەگەڵ گەلدا ناکات و نایەوێت بەرپرسیاریەتی هەڵبگرێت بۆ ئەوەی چاکسازیی دارایی بنەڕەتی بكرێت بە ئامانجی دەرچونمان لە قەیرانەکان، بەڵام سەرباری ئەوەش، حکومەت کاردەکات بۆ چاکسازیی ڕاستەقینە بەبێ ئەوەی زیان بە چینی هەژاران بكات.”
كازمی ئاماژەی بۆ ئەوە كرد كە بەشێك لە كاربەدەستان بوێریی ئەوەیان نییە شان بدەنەبەر ئەركەكانی قۆناغەكە و وتی، “هەر وەزیرێك لە چاكسازی بترسێت، لە حكومەتدا جێگەی نابێتەوە.”