رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا، کە خۆی بۆ هەڵبژاردنی دووەمی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا ئامادە دەکات بەرامبەر بە کەمال کلیچدارئۆغڵو، دووپاتیکردەوە ئەگەر لە خولێکی نوێی سەرۆکایەتیدا سەرکەوتن بەدەستبهێنێت، ئەوا گۆڕانکاری لە سیاسەتی دەرەوەیاندا ناکەن.
ئەردۆغان لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ “سی ئێن ئێن تورک” رایگەیاندووە، بەنیازە هەمان سیاسەت لە پەیوەندییەکانی لەگەڵ روسیا و وڵاتانی دیکەدا پەیڕەوبکات، “من تەحەدای روسیا ناکەم وەک پارتی گەلی کۆماری و ئێمە پەیوەندییەکی باشمان هەیە لەگەڵ روسیا، ئەمریکا، چین و رۆژئاوا، لەمەودوا بەردەوام دەبم لەسەر ئەم رێگایە”.
ئاماژەی بەوەکرد “تا ئێستا، سیاسەتی هەماهەنگیمان لەگەڵ هەموو وڵاتان پاراستووە، لەگەڵ روسیا، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، چین و هەموو وڵاتانی ڕۆژئاوا بەردەوامیش دەبین”.