ژمارەی ئەو هەسارانەی بۆ ژیان گونجاون چەندن؟

گەردوونناسێكی كورد رایدەگەیەنێت، ژمارەی ئەو هەسارانەی کە وەک گۆی زەوی بەردینن و دەشێت گونجاو بن بۆ ژیان لەنێو گەلەئەستێرەکەمان گەلێک زیاترن لەوەی پێشتر پێشبینیمان دەکرد.

لوقمان حەوێز، شارەزا و ئەندامی كۆمەڵەی گەردوونناسی تەكساس لە نووسینێكدا رایگەیاند، یەکێک لە پێوەرەکانی گونجانی هەسارەکان بۆ ژیان لەئێستادا بریتین لە دوورییەکی گونجاوی هەسارەکان لە ئەستێرەکانیان، بەشێوەیەک تێکڕای پلەی گەرمی بەجۆرێک بێت لەسەر رووەکەی رێگە بە بوونی ئاو بدات لە دۆخی شلدا.

دەشڵێت، پێوەرێکی دیكە بوونی بەرگەهەوایە بەدەوری هەسارەکە، هەروەها پێداویستیەکی دیكەی سەرەکیش بوونی ئاوە لەسەر رووەکەی لەگەڵ کۆمەڵێک پێوەری دیكە، لەوانە رێژەی چالاکی هەروەها جێگیری دۆخی ئەستێرەکەیە بەدرێژایی سەدەها ملیۆن ساڵ.

دوای هەڵدانی تەلەسکۆپی کێپلەر بۆ بۆشایی ئاسمان لە ساڵی 2009 و کارکردنی تاوەکو ساڵی 2018 دڵنیابووین لەوەی کە هەسارەی دیكە هەن و زۆرن لە دەرەوەی کۆمەڵەی خۆر، وەك ئەوەی ئەو گەردوونناسە ئاماژەی پێدا و وتیشی، “هەسارەکان بەگشتی هەموویان پاشکۆی ئەستێرەکانن و بەدەوریاندا دەسوڕێنەوە، کێپلەر کە زوومی کردبووە سەر رووبەرێکی زۆر زۆر بچوکی گەلەئەستێرەکەمان، توانی لەو ماوەیەدا پتر لە 2600 هەسارە ببینێتەوە و چاودێریان بکات، بەڕاستی ئەم دۆزینەوەیە بە یەکێک لە دۆزینەوە هەرە گرنگەکان دادەنرێت لەبواری گەردوونناسی چونکە تەواو دڵنیاییکردینەوە کە هەسارەکانی کۆمەڵەی خۆرەکەمان تاقانە نین و هەسارەی زەویش تایبەتی نیە لەنێو گەلەئەستێرەکەمان و گەردوون”.

ئەوەش دەخاتەڕوو، زەوی، تەنیا یەکێکە لە دەیەها و بگرە سەدەها ملیار هەسارەی دیكە تەنیا لەنێو گەلەئەستێرەکەمان، لەنێو هەموو گەردوونی بینراویش رەنگە تەنیا یەکێک بێت لە نێوان ترلیۆنەها و ترلیۆنەها هەسارە، لێرەوە ئەگەری بوونی ژیانی سەرەتایی و ژیانی زیرەکیش زۆر زیاتر دەبێت.

لە مانگی نیسانی ساڵی 2018 ئاژانسی ناسا مانگی دەستکردی TESSی رەوانەی بۆشایی ئاسمان كرد، لوقمان حەوێز دەڵێت، تێس کە زۆر پێشکەوتووە و ئامێری چاودێریکردنی زۆر پێشکەوتووتر بەکاردێنێت هەمان کاردەکات بۆ ماوەی چەند ساڵێک کە لەوانەیە بگاتە دە ساڵ، پێشبینی دەکرێت لەو ماوەیەدا دەیەها هەزار هەسارە ببینێتەوە لەو رووبەرە بچوکەی گەلەئەستێرەی رێی کاکێشان Milky.Way کە چاودێری دەکات (رێی کاکێشان ئێمە و کۆمەڵەی خۆری ئێمەی تێدایە و تەنیا گەلەئەستێرەی رێی کاکێشان لەنێوان 200 بۆ 400 ملیار ئەستێرەی تێدایە)، بەپێی نوێترین لێکدانەوەکان لەئێستادا پێشبینی دەکرێت لایەنی کەم پتر لە 20 ملیار هەسارە هەبێت کە بەردینی بن وەک گۆی زەوی و لەزۆنی گونجاو بن بۆ ژیان تەنیا لە گەلەئەستیرەکەی خۆمان.

روونیشیدەكاتەوە، گەلەئەستێرەی رێی کاکێشان تەنیا تاکە گەلەئەستێرەیەکی گەردوونی بینراوە، بەپێی لێکدانەوەکانی ئێستا پتر لە دوو ترلیۆن گەلەئەستێرە هەیە لە گەردوونی بینراو واتە دوو هەزار ملیار گەلەئەستێرە.

بابەتی پێشتر

شەپۆلێکی خۆڵبارین عێراق دەگرێتەوە

بابەتی دواتر

تەرمی کارما رەئوفی تەمەن 11 ساڵان لە ئاوی زەڵم دەرهێنرایەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share