جۆرێكی نوێی ڤایرۆسی كۆرۆنا تەنگی بە ئەوروپا هەڵچنیوە

ڕێكخراوی تەندروستیی جیهانی ئاشكرایكرد، جۆرێكی نوێی ڤایرۆسی كۆرۆنا كە بەم دواییانە لە بەریتانیا بڵاوبووەتەوە سێ وڵاتی دیكەشی گرتووەتەوە.

ئەمڕۆ یەكشەممە 20ی كانونی یەكەم، ماریا ڤان كیرخۆف، شارەزایەكی ئەمریكی لە نەخۆشییە بەپەلەكاندا كە هاوكات لە ڕێكخراوی تەندروستیی جیهانی كاردەكات، ڕایگەیاندووە، “دانیمارك و هۆڵەندا و ئوسترالیا ئەو وڵاتانەن كە تائێستا جۆرە نوێیەكەی كۆرۆنایان تێدا تۆماركراوە”.

ئەو بەرپرسە هۆشداری ئەوەشی داوە، ڤایرۆسە نوێیەكە توانای بڵاوبوونەوەی زیاترە، توێژینەوەكانیش لەبارەیەوە بەردەوامن.

ماریا ڤان كیرخۆف ئاماژەی بەوەشكردووە، ڕێكخراوی تەندروستیی جیهانی تووشی نیگەرانی بووە بەهۆی ئەو ڤایرۆسە نوێیەی كۆرۆنا.

ئەوەش لەكاتێكدایە حكومەتی بەریتانیا باری لەناكاوی بەهۆی ئەو جۆرە نوێیەی كۆرۆنا بەرزكردەوە، ئەمڕۆش وەزیری تەندروستیی ئەو وڵاتە ئاشكرایكرد، بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەكە “لە كۆنتڕۆڵ دەرچووە”.

لەلایەكی دیكەوە، هۆڵەندا بڕیاریدا گەشتە ئاسمانییەكانی لەگەڵ بەریتانیا لە ئەمڕۆوە هەڵبپەسێرێت، ئەمەش پاش دەركەوتنی ئەو جۆرە نوێیەی ڤایرۆسی كۆرۆنایە لە بەریتانیا.

حكومەتی هۆڵەندا ئەوەشی ڕایگەیاندووە، قەدەغەكردنەكە بەردەوام دەبێت تا 1ی كانونی دووەمی داهاتوو.

ئاماژەی بەوەشكرد، چاودێریی پێشهاتەكان دەكات و تاووتوێی ڕێوشوێنی دیكە دەكات سەبارەت بە هۆكارەكانی دیكەی گواستنەوە.

هۆڵەندا ئاشكراشیكردووە، لە سەرەتای ئەم مانگەدا چەند حاڵەتێكی هەمان جۆری ڤایرۆسەكەی بەریتانیا لە وڵاتەكە بەدیكراوە.

بابەتی پێشتر

کۆتا وەسیەت.. جەستەی مارادۆنا مۆمیا دەکرێت؟

بابەتی دواتر

لە چ بڕیارێکى 2020 بەهەڵەدا چویت؟

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share