دەزگای هەڵبژاردنی یەكێتی:
یاسای هەڵبژاردن كەموكورتیی زۆرە و هەمواركردنەوەی لە بەرژەوەندیی هەموو خەڵكی كوردستانە

دەزگای هەڵبژاردنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، چەندین كەموكورتی لە یاسای هەڵبژاردنەكانی هەرێمی كوردستاندا ئاشكرادەكات و جەختدەكاتەوە كە هەمواركردنەوەی یاسای هەڵبژاردن، لە بەرژەوەندیی هەموو خەڵكی كوردستانە، بۆیە یەكێتی پێداگیری لەسەر دەكات.

لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا لە سلێمانی كە تۆڕی میدیایی ئێستا بە شێوەی راستەوخۆ گواستییەوە و ئامانج لێی، ئاشكراكردنی چەندین راستی بوو لەبارەی گرفتەكانی یاسای هەڵبژاردن و داتا و ئامارەكانی پەیوەست بە هەڵبژاردن و دەنگدەرانی هەرێمی كوردستان، رزگار حاجی حەمە، لێپرسراوی دەزگای هەڵبژاردنی یەكێتی رایگەیاند، هەندێك دەزگای میدیایی وانیشانیدەدەن كە داواكردنی هەمواركردنەوەی یاسای هەڵبژاردنی هەرێمی كوردستان، كراوە بە بیانوویەك بۆ ئەوەی هەڵبژاردنی پێدوابخرێت، بەڵام چەندین راستی هەن لەبارەی گرفت و كەموكورتییەكانی یاساكەوە، بۆیە یەكێتی پێداگیری لەسەر هەمواركردنەوەی دەكات.

روونیكردەوە، 31 ساڵە بەم یاسایە هەڵبژاردن ئەنجامدەدرێت و “غەدرێكی زۆر لە هەندێك سنوور و ناوچە دەكرێت لە رووی ژمارەی دانیشتووان، تۆماری دەنگدەران، ژمارەی كورسییەكان و كورسیی پێكهاتەكانەوە”.

لێپرسراوی دەزگای هەڵبژاردنی یەكێتی وتی، “زۆر بە وردی و بە داتا و ئامار دەیسەلمێنین كە بۆچی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان دەیەوێت یاسای هەڵبژاردن هەمواربكرێتەوە و ئەو جیاوازییانە چین، كە لە نێوان ئەو تۆماری دەنگدەرانەی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق دەیخاتەڕوو، لەگەڵ ئەوانەی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی هەرێم باسیان دەكات”.

رزگار حاجی حەمە جەختیكردەوە، داواكارییەكەی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، لە بەرژەوەندیی هەموو خەڵكی كوردستانە، بەو پێیەی یاساكە گرفتی زۆر لەخۆدەگرێت و ئەو هەموارانەی پێشتر كراون، گرفتەكانیان چارەسەرنەكردووە.

یەكێك لە گرفتەكانی یاسای هەڵبژاردن كە وەك رزگار حاجی حەمە باسیكرد، ئەوەیە كە هەرێمی كوردستان كراوە بە یەك بازنەی هەڵبژاردن و وتی، “یەكێتی بۆیە پێداگیرە لەسەر هەمواركردنەوەی یاسای هەڵبژاردن و دەیەوێت فرەبازنەیی پەیڕەوبكرێت، چونكە سیستمی فرەبازنەیی غەدر لە دەنگدەران دەكات و بەشێكیان مافیان دەفەوتێت”.

ئاشكراشیكرد، جیاوازییەكی زۆر هەیە لە نێوان ژمارەی دانیشتووانی هەرێمی كوردستان بەو شێوەیەی كە وەزارەتی پلاندانانی هەرێم دەیخاتەڕوو، لەگەڵ ئەوەی كە وەزارەتی پلاندانانی عێراق ئاشكرایكردووە، لەو بارەیەوە رزگار حاجی حەمە روونیكردەوە، “لە ئامارەكەی حكومەتی هەرێمدا، ژمارەی دانیشتووانی هەولێر 198 هەزار كەس زیادكراون، ژمارەی دانیشتووانی دهۆك 216 هەزار كەس زیاتر نووسراون، بەڵام لە ژمارەی دانیشتووانی سلێمانی و هەڵەبجەدا 128 هەزار و 156 كەس كەمتر نووسراون، ئەوەش وادەكات لە هەولێر و دهۆك كورسیی زیاتری هەڵبژاردن بەدەستبهێنرێن و لە سلێمانی و هەڵەبجە ژمارەیەكی كەمتری كورسی.

بابەتی پێشتر

عەلی حەمە ساڵح لەبارەی گەڕاندنەوەی پاشەکەوتی مووچەوە زانیاریی نوێ دەخاتەڕوو

بابەتی دواتر

پۆلیسی سلێمانی: تۆمەتبارێک دەستگیرکرا کە 300 ملیۆن دیناری دزیوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share