دكتۆر سۆران جەمال تاهیر وتەبێژی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بە میدیای فەرمیی حزبەكەی راگەیاند، “یەكێتی ئامادەیە بۆ هەڵبژاردن و لەپێناو پاراستنی شكۆ و پێگەی هەرێمی كوردستان پێویستە هەڵبژاردن لەكاتی خۆیدا ئەنجام بدرێت”.
وتەبێژی یەكێتی دەشڵێت، “هەوڵەكانمان بەو ئاراستەیە بووە كە یاسای هەڵبژاردنی هەرێمی كوردستان هەمواربكرێتەوە، خەڵكی هەرێمی كوردستان و لایەنە سیاسییەكانیش لەگەڵ ئەوەن كە یاسایەكی نوێ بۆ هەڵبژاردن هەبێت، لەبەرئەوەی ئەو یاسایە كە هەڵبژاردنی پێكراوە لە پێنج خولی رابردوودا، لە ساڵی 1992 دانراوە و چەندینجار هەمواركراوەتەوە”.
وتەبێژی یەكێتی ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد، “یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لەگەڵ ئەوەدایە كە پێكهاتەكانی هەرێمی كوردستان رێژەی خۆیان پارێزراوبێت و نوێنەرایەتیی ئەو پێكهاتانە بكەن كە دەنگیان پێدەدەن”.