محەمەد سەڵاح: ڕیاڵ مەدرید و بەرشلۆنە دوو یانەی گەورەن، کێ دەزانێت چی ڕوودەدات

محەمەد سەڵاح لە لیڤەرپوڵ بەختەوەرە و دەرگا بە ڕووی ڕیاڵ و بارساشدا داناخات

ئەستێرەی میسڕی یانەی لیڤەرپوڵ، محەمەد سەڵاح چاوپێکەوتنێک لەگەڵ ڕۆژنامەی ئاسی ئیسپانی ئەنجامدەدات و وەڵامی چەندین پرسیاری گرنگ دەداتەوە.

فیرعەونە بچوکەکەی میسڕ لە وەڵامی پرسیارێکدا ئاماژە بە بەردەوامبوونی لە یانەی لیڤەرپوڵ دەکات، تاوەکو ئەو کاتەی یانەکەی خواست لەسەر فرۆشتنی نیشاندەدات و پەیوەندیکردن بە یەکێک لە یانە زەبەلاحەکانی ئیسپانیا “ڕیاڵ و بارسا” ڕەتناکاتەوە.

ئەمەش کوەرتەیەکە لە چاوپێکەوتنەکە:

 

خۆشحاڵم بۆ یەکەمجارە چاوپێکەوتنت لەگەڵ دەکەین، وا دیارە باشیت، چۆنیت؟

سوپاس، من باشم، سوپاس بۆ بانگهێشتکردنەکەتان.

چ یارییەکی جوانت بەرانبەر تۆتنهام ئەنجامدا..

بەڵێ، یارییەکە باش بوو، هەمیشە یاریکردن بەرانبەر سپێرز قورس دەبێت، لە کۆتاییدا بردمانەوە، ئەوەش لە هەموو شتێک گرنگترە.

پێتوایە باشترین چانستان هەیە بۆ چنینەوەی نازناوی پریمەرلیگ؟

هێشتا زووە لەو بارەیەوە بڕیاربدەین، بەڵام بەوپێیەی باش یاریدەکەین دەڵێم بەڵێ.

یەکێک لە ڕکابەرەکانتان مۆرینیۆیە، چۆن هەڵیدەسەنگێنیت؟
پێشتر کارم لەگەڵ کردووە، ڕاهێنەرێکی مەزنە، زۆر یاریدەی یاریزانانیدا بگەن بەو پێگەیەی ئێستا پێیگەیشتوون، خوێندنەوەیەکی زۆر باشی بۆ تۆپی پێ هەیە و ڕاهێنەرێکی چاکە، دڵنیام لەم وەرزەدا لەگەڵ تۆتنهام کارێکی باشدەکات، ئێستا ئەوان دووەمی ڕیزبەندین، لەوە زیاتر چی دەوترێت لەبارەیانەوە.

پێتوایە بۆ جاری سێیەم خەڵاتی پێڵاوی ئاڵتونی بەدەستدەهێنیت؟

نازانم، ناتوانم لە ئێستادا ئەوە بڵێم، بە دڵنیاییەوە دەمەوێت بە تۆمارکردنی گۆڵ یاریدەی یانەکەم بدەم، چانسی ئەوەم هەیە خەڵاتەکە بەدەستبهێنمەوە، بەڵام لەوە گرنگتر نازناوی وەرزە لەگەڵ یانەکەم.

چ ڕیکۆردێکت کردووەتە ئامانج؟

دەمەوێت هەموو ڕیکۆردەکانی یانەکەم بشکێنم، ئەوە شتێکی باشە، بەڵام وەک وتم لەوانە گرنگتر نازناوە بە کۆمەڵەکانە.

لە چامپیۆنزلیگ بەرانبەر لایپزیچ یاریدەکەن، لێکدانەوەت چییە؟

لە وەرزەکانی ڕابردوو بۆ هەردوو خولی پریمەرلیگ و چامپیۆنزلیگ باش یاریمان کردووە، وەرزی ڕابردوو ویستمان هەردوو نازناوەکە بچنینەوە، بەڵام چانسمان نەبوو، لەم وەرزەدا هەوڵ بۆ هەردووکیان دەدەین.

یادگارییەکانت لەگەڵ نازناوی چامپیۆنزلیگ چی بوون لە واندا میترۆپۆلیتانۆ؟

یادگارییەکی جوانە، دووەم فاینەڵ بوو لەسەریەک، لە یەکەمدا پێکرام و دووەمان بردەوە، هەستێکی ناوازە و باوەڕپێنەکراوم هەبوو، یەکێکبوو لە گرنگترین ساتەکانی ژیانم.

وەرزی ڕابردوو قورسبوو بە ئەتلەتیکۆ دۆڕان، حەزدەکەن تۆڵە بکەنەوە؟

بەو شێوەیە بیر لە تۆپی پێ ناکەمەوە، لەبەرئەوەی دۆڕاوین پێیان دەبێت تۆڵە بکەینەوە.. جارێکی دیکە بەرانبەریان یاریبکەین باش دەبێت، ڕوبەڕوشیان نەبینەوە کێشە نابێت، ئەگەر نازناوەکەت بوێت پێویستە لە گەورەکان ببەیتەوە.

 

کە بیر لە ڕێڕەوی وەرزشیم دەکەمەوە هەستدەکەم کارێکی باشمکردووە، هەموو وەرزێک دەمەوێت باشترین پێشکەشبکەم

 

دوای دۆڕاندن بە ڕیاڵ، دوای ئەوەی ڕامۆس تووشی پێکانی کردیت بەهێزتر بوویت؟

یاریزان لە ژیانیدا هەموو شتێکی بەسەردێت، خەمباری و بێزاری و ئازار و بابەتی لەم شێوەیە، ئەمانە لە ژیانی وەرزشیتا بەهێزترت دەکەن، بەڵام ئەوەی لەو یارییە ڕوویدا بەنسبەت منەوە کەیسێکی داخراوە، لە ئێستادا بیری لێناکەمەوە.

با باسی ئەو یانە ئیسپانیانە بکەین کە وەک ئامانجێک لێتدەڕوانن، ڕیاڵ مەدرید و بەرشلۆنە، ئامادەیت یارییان بۆ بکەیت؟

ڕیاڵ مەدرید و بەرشلۆنە دوو یانەی گەورەن، کێ دەزانێت لە داهاتوودا چی ڕوودەدات، بەڵام لە ئێستادا سەرنجم لەسەر نازناوەکانی پریمەرلیگ و چامپیۆنزلیگە بەدرێسی لیڤەرپوڵەوە.

تاوەکو کەی خۆت لە لیڤەرپوڵ دەبینیتەوە؟

پرسیارێکی قورسە، چونکە هەموو شتێک لەدەستی یانەکەمدایە، (بە پێکەینەوە) بێگومان دەمەوێت بەردەوامبم و ڕیکۆردە تاکە کەسی و بەکۆمەڵەکان بشکێنم، وەک وتم هەموو شتێک لەدەستی یانەکەمدایە.

لە کۆتا یاری چامپیۆزنلیگ دەبوو ببیتە کاپتنی یانە و ئەوە ڕووینەدا، چۆن لەم بڕیارە تێگەیشتیت؟

بەڕاستی پێتان دەڵێم، هەستم بە بێهیوابوون کرد، حەزمدەکرد ببمە کاپتنی یانە لەو یارییەدا، بەڵام لە کۆتاییدا بڕیار بڕیاری ڕاهێنەرە و پێی ڕازیم.

بەڕای تۆ لە داهاتوودا کێ جێگەی مێسی و کریستیانۆ دەگرێتەوە؟

قورسە یاریزانێک دیاریبکەم، چونکە چەندین یاریزانی ناوازە بوونیان هەیە، ئەوەی ئەو دووانەیە کردوویانە بۆ تۆپی پێ زۆر گەورە بووە، یاریزانی دیکەش بوونیان هەیە کارێکی باشیان کردووە.

پێتوایە خۆت یەکێکیت لە باشترینەکان لەم کاتەدا؟

(بە پێکەنینەوە) بەڵێ بێگومان، کە بیر لە ڕێڕەوی وەرزشیم دەکەمەوە هەستدەکەم کارێکی باشمکردووە، هەموو وەرزێک دەمەوێت باشترین پێشکەشبکەم.

لە منداڵییەوە و لەو جێگەیەی لێی هاتوویت، پێتوابوو دەبیتە ئەستێرەی تۆپی پێ؟

نەخێر قورسە بگەیتە ئەو بیرکردنەوەیە، هەنگاو بە هەنگاو بەرەو خەونەکانم ڕۆیشتووم، لە میسڕ وتم دەبێت بچمە ئەوروپا، دواتر لە یانەی بازل بیرمکردەوە کە پێویستم بە یانەیەکی گەورەترە و هەنگاو بە هەنگاو ڕۆیشتووم، هەنگاونان بەو شێوەیە زۆر زەحمەتە و بەهێزتری کردم.

 

خوێندن کلیلی هەموو شتێکە، پێموایە دەتکاتە یاریزان و کەسێکی باشتر لە کۆمەڵگەدا

 

ئێستا زۆرینەی منداڵانی میسڕ دەیانەوێت وەک تۆ بکەن، ببنە ئەستێرە..

بەڵێ، کە منداڵبووم ویستم ببمە یاریزانی تۆپی پێ، هەندێک وا دەبینن میسڕییەک گەیشتووەتە ئەو ئاستە و هەمووان دەتوانن پێیبگەن، بەڵام من هەمیشە دەڵێم تەنها بواری تۆپی پێ نییە، چەندین بواری دیکەی وەک پزیشکی و یان هەر شتێکی دیکە دەتوانیت لەڕێگەیەوە بگەیتە ئاستی باڵا.

ئەگەر یاریزانی تۆپی پێ نەبوویتانە، چی دەبوویت؟

قورسە، چونکە لەتەمەنی 10 بۆ 11 ساڵییەوە یاری تۆپی پێ دەکەم، هەموو ژیانم بۆ ئەم بوارە تەرخانکردووە، نازانم جگە لەوە چیم پێدەکرا.

مردنی مارادۆنا لای تۆ واتای چییە؟

هەواڵێکی ناخۆشبوو، وەک دەبینیت جیهانی شۆک کرد و هەمووان خەمباربوون، چونکە مارادۆنا سەرچاوەی ئیلهامی زۆرینەی یاریزانان بوو، ڕەنگە بۆ هەمووان ئیلهامبەخشبووبێت، لەگەڵ ناپۆلی و ئەرجەنتین کارێکی مێژوویی کرد، هیوادارم خێزانەکەی بە زووترین کات دۆخەکە تێپەڕێنن، بەڕاستی نازانم بڵێم چی، هەواڵێکی ناخۆشبوو.

لەبارەی جامی یورۆوە پرسیارت لێدەکەم، ئیسپانیا چۆن دەبینیت؟

بەبۆچوونی من ئیسپانیا خاوەنی پێکهاتەیەکی باشە و خاوەنی باشترین یاریزانانن، دەتوانن جارێکی دیکە جامی یورۆ بەدەستبهێنن، ماوەیەکی زۆرە نازناوەکەیان بەدەستهێناوە و دووبارە کاتیان هاتووە، هەموو ئەگەرەکان لەبەردەمیاندا کراوەیە.

هەمیشە خزمەتی وڵاتەکەت دەکەیت و بەشداری زۆرینەی چالاکییە کۆمەڵایەتی و خێرخوازییەکان دەیەت، ئەوە بۆ تۆ واتای چییە؟

خوێندن کلیلی هەموو شتێکە، پێموایە دەتکاتە یاریزان و کەسێکی باشتر لە کۆمەڵگەدا، لە وڵاتی من (میسڕ)، پێموایە دەتوانم هەندێک لە فاکتەرەکان بۆ باشتر بگۆڕم.

سوپاس کاتی خۆتت پێداین، هەر کاتێک سەردانی ئیسپانیات کرد ئێمە بەخێرهاتنت دەکەین..

زۆر سوپاس بۆ ئیوە.

بابەتی پێشتر

هێندێرسۆن: ئەو شامپانیایەی پرژاندمان بەهۆی سەڵاح و مانێوە کحولی تێدا نەبووە

بابەتی دواتر

ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق لەسەر پرۆژە یاسای بودجە لە کۆبوونەوەدایە

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

دێمبیلی لە بەرشلۆنە دەڕوات

عوسمان دێمبیلی ڕەتیكردۆتەوە گرێبەستەكەی نوێ بكاتەوە و بڕیاری جێهێشتنی ‏بەرشلۆنەی داوە.‏ گرێبەستی دێمبیلی-ی فەرەنسی هاوینی داهاتوو لەگەڵ یانەی…
Total
0
Share