بەڕێوەبەری كۆمپانیای دابەشكردنی خۆراك لە سلێمانی دەڵێت، ئەمشەو هێلكەی تایبەت بە بەشەخۆراك دەگاتە سلێمانی و بەسەر هاوڵاتییاندا دابەشدەكرێت.
لە مانگی رەمەزاندا جگە لە پێكهاتە باوەكانی بەشەخۆراكی مانگانە كە برنج، فاسۆلیا، لەتكەنۆك، شەكر، رۆن، ئارد و دۆشاوی تەماتەن، بڕیاردرا چوار خۆراكی دیكە بەسەر هاوڵاتییاندا دابەشبكرێن كە بریتین لە هێلكە، ئاردی سفر، نیشاستە و شەعرییە، پێشتر هەموو جۆرەكانی دیكە بەسەر هاوڵاتییاندا دابەشكراون و ئەوەی تا ئێستا لە هەرێم ماوە دابەشبكرێت هێلكەیە.
لەو بارەیەوە، شەوكەت محەمەد بەڕێوەبەری كۆمپانیای دابەشكردنی خۆراك لە سلێمانی لە لێدوانێكدا بۆ تۆڕی میدیایی ئێستا رایگەیاند، ئەمشەو هێلكەی تایبەت بە مانگی رەمەزان دەگاتە شارەكانی سلێمانی، هەولێر و دهۆك.
لە وەڵامی ئەو پرسیارەی كە “بۆچی دابەشكردنی هێلكەكە كەوتە دوای مانگی رەمەزان؟”، بەڕێوەبەری كۆمپانیای دابەشكردنی خۆراك لە سلێمانی بە ئێستای وت، پرۆسەی دابەشكردنی هێلكە لەلایەن وەزارەتی بازرگانیی عێراقەوە بە سستی بەڕێوەچووە و تا ئێستا 20%ـی هێلكەكە دابەشكراوە، بەڵام ئەمشەو دەگات بە هەرێمی كوردستان و لە سبەینێوە دەست بە دابەشكردنی دەكرێت.
ئێستا نرخی كارتۆنێك هێلكە لە شاری سلێمانی بە 55 هەزار دینارە و پێشبینیدەكرێت بە گەیشتنی هێلكەی بەشەخۆراك، نرخەكەی زیاتر داببەزێت.