چاڤی: مان سیتی شایستەی ناسناوەکانی ئەم وەرزەیە و خاوەنی باشترین ڕاهێنەرن

چاڤی هێرناندێز، ڕاهێنەری یانەی بەرشلۆنە بەر لە ڕووبەرووبوونەوەی یانەی ئۆساسونا کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی ئەنجامدا، تێیدا وەڵامی چەندین پرسیاری گرنگی دایەوە.

ئەمەش بەشێکە لە وەڵامەکانی:

“لێکدانەوە و شرۆڤەی یاریکردنی ئۆساسونامان کردووە، سبەینێ گرنگترین یاریی وەرز ئەنجامدەدەن کە ڕەنگە بەهێزترین بێت لە مێژوویاندا، ئەم وەرزەیان ناوازەبووە و یارییەکەش قورس دەبێت.”

“پێویستە کاتەکانی یاریکردنی یامین لامال بەباشی ڕێکبخەین، چواردەورەکەشی گرنگە، چونکە ئەو کەسێکی زیرەک و لەسەرخۆیە، کە پێی لە یاریگا گیردەکات تۆپ لەدەستنادات، بەباشی هێڵەکان بەیەکەوە گرێدەدات، بەباشیش کارلێک لەگەڵ هاوڕێکانیدا دەکات، کەسێکی قۆشمە و ئەرێنییە، پێموانییە لە داهاتوودا بەهیچ شێوەیەک تووشی کێشە ببم لەگەڵیدا.”

“بیرۆکەی سەرەکی ئەوەیە کە لامین لەگەڵ ئێمەدایە، توانای یاریکردنی لە پێکهاتەی یەکەمدا هەیە.”

“پێموایە زەلزولی خاوەن بەهرەیەکی گەورەیە و دەتوانێت لە بەرشلۆنە سەرکەوتووبێت.”

“نازانم وەرزی داهاتوو پشت بە زەلزولی دەبەستم یان نا، با ئەم وەرزە تەواوبێت، ئێستا باشتر بەرەوپێشچووە و خۆشحاڵین بەوە.”

“هەر کاتێک بەفەرمی بووین بە پاڵەوانی وەرز قسەی لەسەر دەکەین، ئەوەی ئێمەی گەیاند بەم دۆخە یەکگرتوویی تیمەکەمان بوو، وەک یەک جەستە کارمانکرد، پێویستە گرنگی بە یاریکردنی بەکۆمەڵ بدەین نەک ئاستی تاکە کەسی، لە مانگی یەک جامی سوپەرمان بەدەستهێنا و ئێستاش 11 خاڵ پێش ڕیاڵ مەدرید کەوتووین.”

“دەمەوێت زۆر بەخێرایی ناسناوی ئەم وەرزە ببەینەوە، یانەکەمان پێویستی بەو ناسناوەیە و بە هەمانشێوە هاندەرانمان، گرنگ نییە لە یاریگای خۆماندا بێت یان کۆرنیا، لەهەر جێگەیەک بێت دەبێت بیبەینەوە، چونکە ئێمە ناتوانین 100 خاڵ کۆبکەینەوە.”

“لەم ساتانەی وەرزدا ئێمەش پیرۆزباییمان لە ڕیاڵ مەدرید کرد، هەمیشە باشترین یانە ناسناوی وەرز دەباتەوە، بەڕای من ئەو پاڵەوانێتییانەی بە یاریی چوون و گەڕانەوە یەکلادەکرێنەوە دادپەروەری تێدا نییە، لە هەر ساتێکی خراپدا هەموو شتێک لەدەستدەدەیت.”

“هێشتا ناسناوی لالیگامان نەبردووەتەوە، بەڵام ڕێز لە پیرۆزباییکردنی کارلۆ ئەنچیلۆتی دەگرم.”

“ئیدارەی یانە پێیانوتووم کە بابەتی نوێکردنەوەی گرێبەستی ئامین لامال بە باشترین شێوە دەڕوات، ئەو دەیەوێت لێرە بەردەوامبێت و سەرکەوێت، بیر لە هیچی دیکە و یانەی دیکە ناکاتەوە و ئارامە.”

“بردنەوەی ناسناوی لالیگا پەڕجۆ نییە (موعجیزە)، بەڵام زۆر لایەنی گرنگ دەپێکێت، هێشتا ئێمە لە قۆناغی بونیادنانداین و خەڵکی نایانەوێت درک بەو ڕاستییە بکەن، وەک وتم ئێمە لە قۆناغی بونیادنانداین و بردنەوەی ناسناوەکەش پەڕجۆ نییە لە کاتێکدا لەلالیگا باشترین ئەنجاممان تۆمارکردووە.”

“پێویستە ئاستمان باشتر بکەین لەو پاڵەوانێتییانەی بە یاریی چوون و گەڕانەوە یەکلاییدەکرێنەوە، لە پێشوودا لە ئاستی پێویستدا نەبووین.”

“یانەکەمان وەبەرهێنانی دارایی گەورەی کردووە و ناکرێت بردنەوەی ناسناوێک بە پەڕجۆ (موعجیزە) بزانین، جامی سوپەرمان لە ڕیاڵ مەدرید بردەوە و شایستەبووین، بەتایبەت بینیتان بە چ شێوەیەک بردمانەوە، ئێستاش خۆمان بە شایستەی ناسناوی لالیگا دەزانم.”

“بەڵێ، یانەی مانچستەر سیتی بە شایستەی بردنەوەی سێ ناسناوەکەی وەرز دەزانم، باشترین یانەی جیهانن و خاوەنی باشترین ڕاهێنەریشن، شایستەی ناسناوەکانن.”

“لە مانگی یەکەوە چێژ لە کاری ڕاهێنان وەردەگرم، لەپێشوودا دەمناڵاند، بەڵام ئێستا هەستەکانم جیاوازن.”

“ڕافینیا یاریزانێکی گرنگە و دەشتوانێت لەگەڵ دێمبیلی یاریبکات، زۆر باشە لە یاریکردندا و ئەو ژمارانەی لەم وەرزەدا تۆماریاندەکات ناوازەن، جیاوازی دروستکردووە و خۆشحاڵم پێی.”

“کریستنسن یەکێکە لە باشترین ئەو گرێبەستانەی لەچەند ساڵی ڕابردوودا واژۆمانکردووە، بەرگریکارێکی ئاسایی نییە و لە شێوازی یاریکردنی بارسا تێدەگات.”

“ئێمە پێکهاتەیەکی بەرگریکار نین، بەڵام ئەم وەرزە لە ڕووی بەرگرییەوە زۆر باشبووین، بەتایبەت کە هێڵی هێرشبردنمان بەباشی کاریکردووە.”

“فاتی ئارامە، پەرۆشە بۆ یاریکردن و کە دەرفەتی پێدەدرێت ئامادەیە، بەردەوام دەیسەلمێنێت کە شایستەی یاریکردنە لە بارسا.”

“هێشتا لەبارەی عەبدی زەلزولی و یاریزانە خوازراوەکانەوە بڕیارمان نەداوە، با ئەم وەرزە کۆتاییبێت ئینجا بڕیاردەدەین.”

“پێدری یاریزانێکی ناوازە و پیشەگەرێکی چاکە، ئەو یان لیڤاندۆڤسکی و دێمبیلی کە یاریناکەن پێمانەوە دیارە، ئێمە تەنها یەک پێدریمان هەیە و زیاترمان نییە، بۆیە کە ئامادە نابێت هەست بە لەدەستدانی دەکەین، هەوڵیشمانداوە کەمترین کات هەست بە دوورکەوتنەوەی بکرێت.”

“شتێکی سەرسوڕهێنەرە کە هێشتا تێر شتیگن پاڵەوانی زامۆرایە، چونکە تیپەکەم بەرگریکار نییە، لە هێڵی بەرگریکردن ڕووبەڕووی فشاری قورس بووینەتەوە، چونکە لە هێرشبردندا کەمتەرخەمیمان نەکردووە و دەکرێت بڵێم لەم وەرزەدا باشترین بووین.”

بابەتی پێشتر

عەقیدێكی پۆلیس كوژرا

بابەتی دواتر

لە سلێمانی هێلكە بەسەر هاوڵاتییاندا دابەشدەكرێت

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

زڵاتان وازهێنان ڕەتدەکاتەوە

ئەستێرەی ناوداری سوید و یانەی ئەی سی میلان، زڵاتان ئیبراهیمۆڤیچ ڕەتیدەکاتەوە وازهێنان لە بواری تۆپی پێ ڕابگەیەنێت. زڵاتان…
Total
0
Share