مەزڵوم عەبدی: بایدن بەڵێنیداوە دەستبەردارمان نەبێت

“وا پێدەچوو ئیدارەی پێشوو بڕیارەكانی لەڕێگەی تویتەرەوە دەدا”

فەرماندەی گشتیی هەسەدە دەڵێت، جۆ بایدن بەڵێنیداوە ئەمریكا واز لە هاوپەیمانە كوردەكانی لە سوریا ناهێنێت، دوای كشانەوەیان لە ئەفغانستان لە مانگی ڕابردوودا.

مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەكانی سوریای دیموكرات (هەسەدە) لە لێدوانێكدا بۆ ڕۆژنامەی (تایمز)ی بەریتانی ڕایگەیاند، نیگەرانی ڕووبەڕووی دانیشتووانی باكووری ڕۆژهەڵاتی سوریا بووەتەوە دوای ئەوەی لە ئەفغانستان ڕوویدا و وتی، “با ڕاستگۆبین، دوای كشانەوەی ئەمریكا لە ئەفغانستان خەڵك دەترسان، دەترسان لەوەی تووشی هەمان چارەنووس ببن”.

كۆشكی سپی، جەنەڕاڵ فرانك ماكنزی فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریكای لە سەردانێكی ڕانەگەیەندراودا ڕەوانەی ڕۆژئاوای كوردستان كرد بۆ پێدانی دڵنیایی بە خوودی مەزڵوم عەبدی.

عەبدی لەنێو بارەگاكەی لە نزیك شاری حەسەكە وتی، “دڵنیایانكردینەوە كە ئێرە ئەفغانستان نییە. وتیان سیاسەتی ئەمریكا لێرە تەواو جیاوازە”.

ئەمریكا 900 سەربازی لە ڕۆژئاوای كوردستان و ڕۆژهەڵاتی سوریا هەیە، ئەركی سەرەكیی ئەو هێزانە هاوكاریكردنی هێزەكانی هەسەدەیە بۆ لەناوبردنی پاشماوەی چەكدارانی داعش لە سێگۆشەی سنووریی توركیا و عێراق و ئەو ناوچانەی لەژێر دەسەڵاتی حكومەتی سوریادان.

بوونی هێزەكانی ئەمریكا لە ناوچەكە ڕێگرە لە هێرش و پەلاماری هێزەكانی توركیا بۆسەر شەڕڤانان و ناوچە كوردنشینەكان.

بەپێی ڕاپۆرتی ڕۆژنامەكە، ئەمریكییەكان سوورن لەسەر هەڵوێستی فەرمییان كە مانەوەیە لە سوریا و عێراق، تا شكستپێهێنانی تەواوەتیی ڕێكخراوی داعش.

عەبدی پێیباشە ئەمریكییەكان بەڵێنی مانەوە بدەن تا گەیشتنە یەكلاكردنەوەی سیاسی و كۆتایی ململانێكان لە سوریا. ئەوەش بەهۆی ئەوەی بە بوونی سەربازیی ئەمریكا، ئومێدی زیاتری دەبێت لە گەیشتنە ئەو دانپیادانانە فەرمییەی ماوەیەكی زۆرە تایبەت بە خۆبەڕێوەبەریی كورد لە ناوچەكەدا هەوڵی بۆدەدات، ڕەنگە بەهەمانشێوە بۆ ئەو ناوچانەش كە زۆرینەیان عەرەبن لە هەردوو پارێزگای ڕەققە و دێرلزور، كە ئەوانیش لەژێر كۆنتڕۆڵی هێزەكانیاندان.

فەرماندەی گشتیی هەسەدە ئاماژەی بەوەشكرد، “باوەڕمان وایە ئیدارەی بایدن لانیكەم پاشەكشەیكردووە لە پرسەكاندا بەر لە بڕیاردان” و وتی، “وا پێدەچوو ئیدارەی پێشوو بڕیارەكانی لەڕێگەی تویتەرەوە دەدا. هیواخوازم ئەم ئیدارەیە هەمان ڕێچكە نەگرێتەبەر”.

بابەتی پێشتر

چوار یاریزانی چێڵسی بەرامبەر یۆڤانتۆس یاریناكەن

بابەتی دواتر

وەزارەتی كاروباری شەهیدان مینحەی 192 زیندانیی سیاسی خەرجدەكاتەوە

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

ئاسایشی راپەڕین دەستگیركردنی 10 كەسی بە تۆمەتی بازرگانیكردن و بەكارهێنانی ماددەی هۆشبەرەوە راگەیاند

بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی راپەڕین دەستگیركردنی 10 كەسی بە تۆمەتی بازرگانیكردن و بەكارهێنانی ماددەی هۆشبەرەوە راگەیاند. بەپێی راگەیەندراوێكی بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی…
زیاتر ببینە

دابەشكردنی زەوی دەستیپێكرد

وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری هەرێم بڵاویكردووەتەوە، ماڵەكانی لیوا ڕەشەكە و جەمەلۆنەكە لە كەلار قەرەبوودەكرێنەوە و زەوییان پێدەدرێت. بەپێی…
Total
0
Share