بەرپرسێكی رێكخراوی یەكێتیی مامۆستایان رایدەگەیەنێت، دوای جەژنی رەمەزان بەدواداچوون بۆ دۆسیەی دەستدرێژیكردنە سەر كچە خوێندكارێكی خوێندنگەیەكی ئەهلی لە ناوچەی عەنكاوەی شاری هەولێر دەكەین و دەشڵێت، “ئەو كارەی ئەنجامدراوە لە دوورە بەها مرۆڤایەتییەكان”.
عەبدولواحید محەمەد جێگری سەرۆكی رێكخراوی یەكێتیی مامۆستایانی كوردستان لە لێدوانێكدا بە تۆڕی میدیایی ئێستای راگەیاند، نیگەرانی خۆمان بەرامبەر ئەو تاوانە دەردەبڕین كە بەرامبەر بە كچە خوێندكارێكی تەمەن 7 ساڵ لە خوێندنگەیەكی ئەهلی شاری هەولێر ئەنجامدراوە.
راشیگەیاند، وەكو یەكێتیی مامۆستایان دوای جەژنی رەمەزان بەدواداچوون لەو دۆسیەیە دەكەین، چونكە كارێكی قێزەونە و ئەوەی ئەنجامدراوە دوورە لە بەها مرۆڤایەتییەكان.
لە چەند رۆژی رابردوودا بڵاوكرایەوە كە لە خوێندنگەیەكی هەولێر دەستدرێژیكرایە سەر كچە خوێندكارێكی تەمەن حەوت ساڵ.