لە دۆسیەی كوشتنی گەنجەكەی هەولێردا ئەنجومەنی وەزیران هەوڵ بۆ سوڵحی عەشایەری دەدات

دوای ئەوەی گەنجێك لە هەولێر لەسەر فول لایت لەلایەن برای بەرپرسێكی ئەنجومەنی وەزیرانەوە كوژرا، لەلایەن ئەنجومەنەكەوە هەوڵ بۆ سوڵحی عەشایەری دەدرێت و پەیامیش بۆ خێزانی كوژراوەكە نێردراوە.

شەوی سێشەممە هاوڵاتییەكی دانیشتووی شاری هەولێر بە ناوی محەمەد ئیبراهیم (تەمەن 32 ساڵ) لەسەر فول لایت و شكاندنەوەی ئۆتۆمبێل لەلایەن سێ چەكدارەوە هێرشیكرایەسەر و كوژرا.

روشدی ئیبراهیم سەعید، برای كوژراوەكە بە تۆڕی میدیایی ئێستای راگەیاند، بكوژەكە پلەداری هێزە ئەمنییەكانە و برای ئومێد سەباح سەرۆكی دیوانی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمە.

وتیشی، “براكەم تەمەنی 32 ساڵ بوو و خاوەنی دوو منداڵە، كچێكی نەخۆشیی درێژخایەنی هەیە و هاوژینەكەشی ئەمشەو منداڵی بووە”.

هاوكات ئەمڕۆ كەسێكی نزیك لە گەنجە كوژراوەكە ئاشكرایكرد كە لەلایەن بەرپرسان لە ئەنجومەنی وەزیرانەوە هەوڵ بۆ سوڵحی عەشایەری دەدرێت بەمەبەستی كپكردنی دۆسیەی تاوانەكە.

ئەو سەرچاوەیە وتیشی، “كەسە پلە یەكەكانی ناو خێزانی کوژراوەکە لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە ئاگادارکراوەتەوە چیتر لێدوان بۆ میدیاکان نەدەن، بە بیانووی ئەوەی ئەنجومەنی وەزیران خۆی گرفتەكەیان بۆ چارەسەر دەكات”.

هەر ئەمڕۆ پەیامنێری تۆڕی میدیایی ئێستا هەوڵیدا لێدوان و زانیاریی نوێ لەسەر كەیسەكە لە كەسوكاری قوربانییەكە وەربگرێت، بەڵام ئامادەنەبوون هیچ لێدوان و زانیارییەك بدەن.

ئەمە سێیەم حاڵەتی كوشتنە لەسەر فول لایت و شكاندنەوەی ئۆتۆمبێل لە هەولێر روودەدات.

بابەتی پێشتر

لە دهۆكیش مووچەی خانەنشینانی پێشمەرگەی یەكێتی راگیراوە

بابەتی دواتر

رێكخراوێك: هێزێكی ئەمنی لە هەولێر پەلاماری دوو تیمی میدیایی دەدەن

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share