بە ئامادەبوونی كازمی و ئەردۆغان عێراق و توركیا دوو ڕێككەوتننامەیان واژۆكرد

ئەمڕۆ پێنجشەممە 17ی کانونی یەکەم، مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و شاندی هاوڕێی بە سەردانێك گەیشتنە ئەنكەرە-ی پایتەختی توركیا و لە کۆشکی کۆماریی تورکیا لەلایەن رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری ئەو وڵاتەوە پێشوازییان لێكرا.

دواتر مستەفا كازمی و ڕەجەب تەیب ئەردۆغان كۆبوونەوە و لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیی هاوبەشدا كە دوای كۆبوونەوەكە بۆیان ڕێكخرابوو، ئاماژەیان بە ناوەڕۆكی كۆبوونەوەكە و مەبەستی سەردانەكەی شاندی عێراق بۆ توركیا كرد كە هاوکاریی دوو قۆڵیی نێوان عێراق و تورکیا-یە لەبارەی کۆمەڵێک دۆسیەوە، لەوانە دۆسێی ئاو و شەڕی دژ بە داعش و دۆسێی ئابوری.

ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەكەدا وتی، “مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لەکاتێکدا بەرپرسیارێتی وەرگرت کە عێراق بە دۆخێکی دژواردا تێدەپەڕی، ئومێدی سەرکەوتنی بۆ دەخوازین و دڵنیاین سەردەکەوێت”.

ڕاشیگەیاند كە تورکیا بەردەوام دەبێت لە پشتیوانیكردنی عێراق و ئاشكرایكرد كە لە كۆبوونەوەكەدا باسی هەناردەکردنەوەی نەوتی کەرکوکیان لەڕێگەی تورکیاوە بۆ بازاڕەکانی جیهان کردووە. گفتوگۆشیان كردووە سەبارەت بە ئەنجامدانی پرۆژەی ستراتیژیی گەورە، بەتایبەتی لە بوارەكانی وزە و ئاو چونكە تورکیا ئەزموونێکی زۆری لە بواری ئاودا هەیە.

لای خۆیەوە مستەفا كازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق ڕایگەیاند، “زۆر دۆسیەمان باسکرد و زۆر خاڵی هاوبەش لەنێوانماندا هەن، کار دەکەین بۆ پەرەپێدانی ئەنجومەنی ستراتیژی لەنێوان هەردوولا و لیژنەی هاوبەشی نێوان تورکیا و عێراق.

کازمی جەختیكردەوە كە عێراق لە زۆر بواری وەبەرهێناندا پێویستی بە تواناکانی تورکیا هەیە و وتی، “دەمانەوێت گەشەی زیاتر بە پەیوەندیی ئابوری و وەبەرهێنان بدەین، بەتایبەت لەو کەرتانەی كە عێراق پێویستی پێیانە، بۆیە عێراق دەرگای بەڕووی بازرگانان و وەبەرهێنەرانی تورکیادا کراوەیە.

دواتر نووسینگه‌ی ڕاگه‌یاندنی سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق راگه‌یه‌ندراوێكی بڵاوكردەوە و ئاشكرایكرد كە لە میانی سەردانەكەی شاندی عێراق بۆ توركیا، به ‌ئاماده‌بوونی مسته‌فا كازمی سه‌رۆكوه‌زیران و ڕه‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان سه‌رۆككۆماری توركیا، خالید به‌تاڵ نه‌جم، وه‌زیری پلاندانانی عێراق ڕێككه‌وتنێكی له‌گه‌ڵ لایەنی توركی ئیمزاكردووە بۆ نەهێشتنی‌ ناهاوسه‌نگیی باج.

بە گوێرەی ڕاگەیاندراوەكە، هەر ئەمڕۆ  فوئاد حسێن وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی عێراق و مه‌ولود چاوش ئۆغڵو وەزیری دەرەوەی توركیا، ڕێككه‌وتننامه‌ی هاوكاریی كلتوریی نێوان هه‌ردوو وڵاتیان ئیمزاكردووە.

بابەتی پێشتر

هاوسەرۆکانی یەکێتی جەخت لە هەماهەنگی لایەنە کوردییەکان دەکەنەوە

بابەتی دواتر

ئەمریكا: سزاكانمان كاریگەرییان كردووەتە سەر كەرتی سەربازیی ئێران

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share