سەرۆک کۆماری عێراق: پێویستە پەلەبکرێت لە پێکهێنانی حکومەتی خۆجێی کەرکوك

سەرۆک کۆماری عێراق داوادەکات، بەدواداچوون بۆ بڕیارەکانی لیژنەی مادەی 140 بکرێت و ماف بۆ خاوەنەکانیان بگەڕێندرێتەوە و گۆڕانکارییە دیمۆگرافییەکان چارەسەربکرێن و دەشڵێت، “پێویستە پەلەبکرێت لە پێکهێنانی حکومەتی خۆجێی لە پارێزگای کەرکوك.”

لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عێراق ئەمڕۆ پێشوازی لە خالید شوانی وەزیری داد و نزار ئامێدی وەزیری ژینگە و ئەبوبەکر سدیق ئەندامی لیژنەی باڵای جێبەجێکردنی مادەی (140) و ژمارەیەك لە لێپرسراوان کرد.

لە دیدارەکەدا باس لە دۆخی ئەمنی و سیاسیی وڵات و کەرکوك و ناوچە جێناکۆکەکان کرا، سەرەڕای تاووتوێکردنی پەیوەندی نێوان حکومەتی فیدراڵی و هەرێمی کوردستان.

سەرۆک کۆمار جەختی لەوە کردەوە پێویستە چارەسەر بۆ کێشە هەڵپەسێردراوەکانی کەرکوك و ناوچە جێناکۆکەکان لەڕێی جێبەجێکردنی یاسا و پیادەکردنی دیالۆگ و لێکتێگەیشتن لەژێر رۆشنایی تەوافوقی سیاسی لەنێوان هێزە سیاسییەکاندا، هەبێت.

لەتیف رەشید ئەوەشی دوپاتکردەوە، پێویستە پەلەبکرێت لە پێکهێنانی حکومەتی خۆجێی لە کەرکوك لەپێناو جێبەجێکردنی ئەرکەکانی و یەکلاکردنەوەی کێشەکانی پارێزگاکە و ناوچەجێناکۆکەکان بەشێوەیەك ماف بۆ خاوەنەکانیان بگەڕێندرێتەوە و زیانلێکەوتووان قەرەبوبکرێنەوە و دەرهاویشتە کەڵەکەبوەکانی بڕیارە ناڕەواکانی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی شۆڕشی هەڵوەشاوە، چارەسەربکرێن، کە  بەئامانجی گۆڕینی دیمۆگرافی دەریکردبوون.

بابەتی پێشتر

پەروەردەکانی گەرمیان و راپەڕین و هەڵەبجە داوای دەستپێکردنەوەی دەوام دەکەن

بابەتی دواتر

قوباد تاڵەبانی: هیچ مووچەیەكی مووچەخۆران نافەوتێت

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share