ئەو ئۆتۆمبێلە سەربازییەی سوپای عێراق کە دوێنێ لە كەركوك ژێرئاوکەوت دۆزرایەوە، بەڵام تا ئێستا یەکێك لەو سەربازانەی لە ناو ئۆتۆمبێلەكەدا بوون بێسەرۆشوێنە.
دوێنێ چوارشەممە لەگەڵ دەستپێكردنی لێزمەباراندا، لافاو لە چەند گوند و ناوچەیەكی دەشتایی لە دەوروبەری كەركوك دروستبوو، لەوانە گوندی تەرجلی سەر بە ناحیەی لەیلان لە پارێزگای كەركوك كە بەهۆیەوە ئۆتۆمبێلێكی سەربازیی سوپای عێراق ئاوبردی.
ئەفسەرێك و دوو سەربازی سوپای عێراق سەرنشینی ئۆتۆمبێلەكە بوون یەكێكیان خۆی دەربازكرد و دووانەكەی دیكە لەگەڵ ئۆتۆمبێلەكەدا ئاوبردنی، دواتر یەكێكی دیكە لە سەربازەكان توانی خۆی دەربازبكات.
ئەمڕۆ پێنجشەممە ئۆتۆمبێلەكە لە ناوچەیەكی دوور لە شوێنی رووداوەكە دۆزرایەوە، بەڵام سەربازەكە هێشتا بێسەروشوێنە و هیچ زانیارییەكی دروست لەبارەی چارەنووسییەوە بەردەست نییە.